بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە پاڵاوگەیەکی هەلێر سـێ کــەس گیانیان لەدەستدا
نها نیوز – هەواڵەکان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە پاڵاوگەیەکی سەر رێگای هەولێر-مەخمور، سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە دووانیان کارمەندی بەرگری شارستانین.
بەرەبەیانی ئەمرۆ هەینی، کاتژمێر 4:30ـی بەیانیی ئاگر لە پاڵاوگەی کۆچەر لەسەر رێگەی هەولێر-مەخموور، لە نزیک ناحیەی شەمامک کەوتووەتەوە، کارمەندێکی پاڵاوگەکە کاتێک ویستوویەتی رێگر بێت لە گەیشتنی ئاگر بە خەزانێکی بەنزین، کەوتووەتە ناو خەزانەکەوە و گیانیلەدەستداوە.
پاش ئەوەی پەیوەندی بە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کراوە، دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیش لەکاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی کارمەندی پاڵاوگەکە، کەوتوونەتە ناو خەزانەکەوە و ئەوانیش گیانیانلەدەستداوە.
دوای گەیاندنیان بە پزیشکی داد، تەرمی هەرسێ قوربانییەکە رادەستی کەسوکاریان کرانەوە و بەخاک دەسپێردرێن.
پێشتر سەرجەم پاڵاوگەکان ئاگادار کراونەتەوە کە بەپێی رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم کار بکەن و پابەندی سەرجەم مەرجەکان بن لەوانەش رەچاوکردنی مەرجی تەندروستی و ژینگەیی و دانانی سیستمی ئاگرکوژێنەوە.
لە رابردوودا لە سنوری پارێزگای هەولێر 138 پاڵاوگەی نایاسایی هەبوون، لەکۆی ئەو ژمارەیەش تەنها 60 پاڵاوگەیان داخران، کە داخستنەکە بەشێوەیەکی کاتی بوو و ئێستا بەشێکی ئەو پاڵاوگانە لەبری کارکردن بە رۆژ شەوان کاردەکەن.
|