یەکەم کاروانی حاجییانی سلێمانی بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن.
نها نیوز – هەواڵەکان
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، یەکەم کاروانی حاجییان بە رێگای وشکانی لە بانی مەقان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەرەو سعودیە بەڕێکران.
ئەمرو هەینی 16ی ئایاری2025 یەکەم کاروانی حاجییانی سلێمانی لە رێگای وشکانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن، بریاریشە لە روژی 19ی ئایار کاتژمێر1ی پاشنیوەرۆ یەکەم گەشتی ئاسمانی حاجییان لە رێگەی فرۆکەخانەی سلێمانییەوە دەست پێ دەکات .
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، ئەمساڵ پێنج هەزار و 136 كەس لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم دەچنە سعودییە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج و لە سعودییە هەموو خزمەت گوزارییەكیان بۆ دابینكراوە.
وتەبێژەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، تێچووی حەج بەڕێگای وشكانی بریتی دەبێت لە پێنج ملیۆن و 500 هەزار دینار، هاوكات بەڕێگای ئاسمانیش لە هەر حاجییەك بڕی حەوت ملیۆن دینار وەرگیراوە، هاوكات حكومەتی هەرێمیش بڕی چوار ملیار دیناری بۆ پاڵپشتی حاجیان تەرخانكردووە .
پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ بەراورد بە پار زیاد کراوە. ساڵی رابردوو چوار هەزار و 174 کەس ناویان دەرچووبوو، بەڵام بۆ حەجی ئەم ساڵ کە لە 25-09-2024 تیروپشکی بۆ کرا، پێنج هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
|