کوردستان

کاتی بەرێکەوتنی ‌حاجیانی هەرێم ئاشکرا کرا

نها نیوز - هەواڵەکان

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، ڕۆژی هەینی یەكەم كاروانی حاجیان لە پارێزگاكانی هەڵەبجە و سلێمانی بەڕێگای وشكانی بەڕێدەكەون.

كاروان ستونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات ئەمساڵ پێنج هەزار و 136 كەس لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم دەچنە سعودییە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ڕۆژی هەینی یەكەم كاروانی حاجیان لە پارێزگاكانی هەڵەبجە و سلێمانی بەڕێگای وشكانی بەڕێدەكەون.

راشیگەیاند، هەموو ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێكردنی یەكەم كاروانی حاجیانی ئەمساڵ كۆتایی هاتووەو ڕۆژی هەینی بەڕێگای وشكانی حاجیانی پارێزگاكانی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەڕێدەكەون بۆ سعودییە هەموو خزمەت گوزارییەكیان بۆ دابینكراوە.

وتەبێژەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، تێچووی حەج بەڕێگای وشكانی بریتی دەبێت لە پێنج ملیۆن و 500 هەزار دینار، هاوكات بەڕێگای ئاسمانیش هەر حاجییەك بڕی حەوت ملیۆن دینار وەرگیراوە، هاوكات حكومەتی هەرێمیش بڕی چوار ملیار دیناری بۆ پاڵپشتی حاجیان تەرخانكردووە .

هەروەها وتیشی بڕیاربوو بانکی ناوەندیی عێراق بۆ هەر کەسێک کە دەچێت بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج دوو هەزار دۆلار بەنرخی فەرمی و بۆ هەر 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دابینبکات، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نەدراوە.

پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ بەراورد بە پار زیاد کراوە. ساڵی رابردوو چوار هەزار و 174 کەس ناویان دەرچووبوو، بەڵام بۆ حەجی ئەم ساڵ کە لە 25-09-2024 تیروپشکی بۆ کرا، پێنج هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.

 

2025-05-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.