بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
لەبارەی دانانی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستام - پەکەکەوە، بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، کە پێشوازی لەو هەنگاوە مێژووییە دەکەن.
بافڵی جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپەیامێکدا لەپێگەی فەرمی خۆی نوسیویەتی "بڕیاری پەکەکە بۆ بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان لەم قۆناغە هەستیار و چارەنوسسازەدا هەنگاوێکی مێژووییە و پێشوازیی لێدەکەین".
وتیشی "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە پەرۆشە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و هاوکار و پشتیوانی هەموولایەک دەبین بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە، پێمانوایە چەکدانان بەشێکی پرۆسەکەیە و دەبێت هەنگاو و بەشەکانی دیکەی پرۆسەکە جێبەجێبکرێت تاوەکو بگەینە ئەو ئامانجانەی هەوڵمان بۆیان داوە".
ناوبراو راشیگەیاند "ئێمە بە شوێن هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال دا ستراتیجی نیشتمانیی خۆمان ئاڕاستە دەکەین کە وەک یەکەم سەرکردە شانی دایە بەر سەرپێخستنی پرۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆش بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە مێژووییە.
بافڵ تاڵەبانی دووپاتیشی دەکاتەوە تەنیا رێگا بۆ سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کوردە.
ئەوەشی وت "هیوام سەرخستنی پرۆسەی ئاشتییە لە باکووری کوردستان و تورکیا تاوەکو لاپەڕەیەکی نوێی سیاسی و دیپلۆماسی لە نێوان سەرجەم لایەنەکان هەڵبدرێتەوە و هەنگاو بۆ کارکردنی پێکەوەیی بنرێت و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەواوی کوردستان".
|