کوردستان

بۆچوونی یەکێتیی لە سەر چەکدانانی پەکەکە راگەیێندرا

نها نیوز – هەواڵەکان

پارتی کرێکارانی کوردستان، کۆتایی بە خەباتی چەکداریی هێنا و دەستبەرداربوونی لە خەباتی چەکداری راگەیاند، وتەبێژی یەکێتیش  دەڵێت،  پاش 33 ساڵ ئێستا لایەنەکان گەیشتوونەتە بۆچوونى مام جەلال بۆ هەڵبژاردنی ئاشتی بۆ چارەسەری کێشەکان.

سەعدى ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆمیدیای ‌‌حزبەکەی رایگەیاند، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئاشکرا و چەند جارێک پشتیوانی لە بژاردەی ئاشتی و چارەسەری کێشەکان  لە تورکیا کردووە.

وتەبێژی یەکێتی، ئاشکرای کرد" مام جەلال لەسەرەتاى نەوەدەکان هەوڵیدا پەیوەندى لەنێوان تورگوت ئۆزال و پەکەکە دروستبکات، پاش 33 ساڵ ئێستا لایەنەکان گەیشتوونەتە بۆچوونى مام جەلال بۆ هەڵبژاردنی ئاشتی بۆ چارەسەری کێشەکان.

راشیگەیاند،  لەو بڕوایەدام هۆکارى سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی پەیوەندیی بەوەوە هەیە، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە پشتیوانی لە بژاردەی ئاشتی کردووە لە تورکیا و لەگەڵ شەڕدا نەبووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 12-5-2025 پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12ی خۆی بڵاوکردەوە و بەپێی راگەیەنراوەکە، خەباتی چەکداریی کۆتایی پێهێنا و لەمەودوا لەبری خەباتی چەکداریی لە فۆڕمێکی دیکەدا لە رێگای خەباتی سیاسییەوە بەردەوام دەبێت.

 
11کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.