کوردستان

پەکەکە: لە کۆنگرەکەدا بڕیاردرا بە خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری

نهنایوز-هەواڵەکان

پەکەکە ئەنجامی 12ـیەمین کۆنگرەی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری و سەرجەم چالاکییەکانی.

پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویکردەوە'' 12ـیەمین کۆنگرەی پارتەکەیان بە سەرکەوتوانە تەواو بوە، و لە یەك کاتدا لە دو ناوچەی جیاواز بە هۆکاری ئەمنی سازدراوە، کە تێیدا 232 ئەندام بەشدار بوە".

ئاماژە بەوەشکراوە پەکەکە ئەرکی مێژویی خۆی تەواوکردوە و لەسەر ئەو بنەمایەش لەژێر بڕیاری عەبدوڵا ئۆجەلان، لە کۆنگرەکەدا بڕیاریدراوە بە هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێكخراوەیی پارەتەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری و ئەو چالاکییانەی کە بەناوی پارتەکەوە ئەنجام دەدرێن.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا پەکەکە ڕونیکردوەتەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە، ڕێگە بە دانانی بناغەیەکی تۆکمەی ئاشتی و دیموکراسی بۆ گەلی کورد دەدات، هەروەها ئەو بریارانەی باسیان لێوە دەکرێت، پێویستی بە ئاڕاستەکردن و گەرەنتی یاسایی دروست هەیە.

دوپاتیشی کردوەتەوە، دوازدەهەمین کۆنگرەی پارتەکەیان لەسەر داخوازی سەرکردایەتی ئەنجامداوە و بەڵێنی سەرکەوتنی پڕۆسەکە بە هەمو شەهیدان و سڕری سورەییا ئوندەر دوپات دەکەنەوە.

ئەوەش خراوەتەڕو کە ڕاپەڕینەکانی کورد لە مێژوی کۆماریدا، دیالێکتیکی پەیوەندییەکانی کورد و تورك بە درێژایی هەزار ساڵی مێژو و خەباتی 52 ساڵەی ئۆجەلان نیشانی دەدەن کە پرسی کورد، تەنها لەسەر بنەمای وڵاتێكی هاوبەش و هاڵاتییەکی یەکسان چارەسەر دەبێت.

باس لەوەش کراوە ئەو پێشهاتانەی ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی سێیەمدا ڕودەدەن، پێویستی بە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی کورد و تورکیا هەیە.

هاوکات، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 12-05-2025، کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار کۆ ببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، پرۆسەی نوێی ئاشتی و قۆناغی دوای 12ـەمین کۆنگرەی پەکەکە تاوتوێ بکات.

16کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.