نها نیوز – هەواڵەکان
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەمیانی نوسراوێکدا وەڵامی لایەنە بەشدارەکانی کۆبونەوەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکی فراوانی دەنگە نارازییەکان دەداتەوە و دەڵێت "سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە مافی نەوەی نوێیە. وە وتەبێژی هاوپەمانێتیەكەش بۆ كۆمەڵ بێت، یان پێمان باشە بەڕێزێک لە یەکگرتووی ئیسلامی بێت".
ئەوەش هاتووە "پێمان باشە هاوپەیمانێتیەکە بچێتە ناو حکومەتی عێراقەوە".
دەقی نوسراوەکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ:
نەوەی نوێ و بەشی زۆری لایەنەکان سەرباری ئەوەی دەزانن کە لە هەر هاوپەیمانێتیەکدا پێویستە دەنگی هاووڵاتیان سەنگ و قورسایی لایەنەکان دیاری بکات لە ناو ئەو هاوپەیمانێتیە، بەڵام سەرباری ئەو خاڵە و لەبەر پەرۆشی نەوەی نوێ بۆ درووستبونی هاوپەیمانێتیەکەو بەخشینی هیوایەکی زیاتر بە هاووڵاتییان و رزگارکردنی خەڵک لەم دۆخە خراپە، ئەوا ئێمە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرباری ئەوەی سەرۆکی هاوپەیمانێتیەکە و تەواوی سەرۆک لیستەکان بە مافی خۆمان دەزانین، بەڵام ئامادەین دەستبەرداری بەشێک لەو مافەی خۆمان بین لە پێناو بەرژەوەندی گشتی.
لەهەمان کاتدا بۆ هەموو لایەنە بەرێزەکانی رووندەکەینەوە کە هەر لایەنێک ئەگەر داوای دەستکەوتی حیزبی و پۆست و پلەیەک بکات زیاد لە حەق و مافی خۆی، ئەوا رەنگە سبەی وا لێک بدرێتەوە کە ئەو لایەنە زیاتر مەبەستیەتی هاوپەیمانێتیەکە سەر نەگرێت و زیاتر لە خەمی حیزبیدایە.
هاوکات ئەگەر پێتان وایە نەوەی نوێ دەبێتە کێشە بۆ هاوپەیمانێتیەکە، ئەوا بەرێزتان هەمووتان دەتوانن پێکەوە هاوپەیمانێتیەکە دروست بکەن بە بێ نەوەی نوێ، ئێمەش لە دەرەوە پشتیوان و هاوکارتان دەبین ، نە بە دژی خۆمانتان دەزانین و نە بەنەیار، بەلکو وەک دۆست و هاوکار دەتانبینین.
بە واتایەکی تر، نەوەی نوێ نە مەرجی هەیە و نە مەرجی تەعجیزی و ئاستەمیش بە مافی کەس دەزانێت، بۆیە بفەرموون وەڵامی نەوەی نوێ لەسەر ئەو خاڵانەی کە لەکۆبوونەوەى ئێوارەى رۆژى شەممە 10/5/2025 لە لایەن لایەنە بەشداربووەکانەوە وروژێنران ئەمەیە:
یەکەم: سەرۆکی هاوپەیمانیەکە کێیە؟
هەرچەندە زۆربەی لایەنەکان خۆیان ئاماژەیان داوە بەوەی کە سەرۆکی هاوپەیمانی مافی نەوەی نوێیە، بەڵام ئێمە لە پێناو سەرگرتنی هاوپەیمانێتیەکە و وەک رێزێک بۆ بەرێزتان ئەو مافە دەدەینە جەنابتان و پێمان باشە یان نەوەی نوێ بێت یاخود بەتێکڕای دەنگی ئەو لایەنانە بریاری لێ بدرێت کە بەشداری هاوپەیمانێتیەکە دەبن.
دووەم: سەرۆکی لیستەکان لە شارەکان کێ دەبن؟
هەرچەندە بە پێی دەنگ دەبوو سەرۆکی هەموو لیستەکان لە هەموو پارێزگاکان بۆ نەوەی نوێ بوایە، بەڵام ئێمە دەستبەرداری هەندێکی دەبین بەم شێوەیە :
(ناو هەرێم نەوەی نوێ دوو سەرۆک لیست، یەکگرتوو یەک سەرۆک لیست.. دەرەوەی هەرێم کۆمەڵ یەک سەرۆک لیست و یەکگرتوو یەک سەرۆک لیست .
سێیەم: وتەبێژ و مخولی هاوپەیمانیەکە کێ دەبێ؟
پێمان باشە بەرێزێک لە کۆمەڵی دادگەری وتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە بێت.
وە مخەولی هاوپەیمانی:
پێمان باشە بەڕێزێک لە یەکگرتووی ئیسلامی بێت.
چوارەم: ئایا دەچینە ناو حکومەتى عێراقى یان نا؟
پێمان باشە هاوپەیمانێتیەکە بچێتە ناو حکومەتی عێراق ، بۆ ئەوەی تەواوی پشکی کورد بۆ دوو حزبی دەسەڵاتدار نەبێت، بەڵام بریاری کۆتایی لای کۆمەڵ و یەکگرتووە لەگەڵ نەوەی نوێ بە دەنگی هەر سێ لایەن پێکەوە، بەو پێیەی ئەو سێ لایەنە کورسی پەرلەمانی عێراقیان هەیە لە ئێستادا، لە داهاتووش هەر لایەنێکی تر رای دەبێت گەر کورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا. وە ئەوان بریار دەدەن بەشداری حکومەت دەبین یاخود نا.
پێنجەم: ئەو لایەنەی لەناو هاوپەیمانیەکە کورسی نەهێنا چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت؟
پێمان باشە پۆستی حکومی (وەکیل وەزیر، مدیر عام، بالوێز، پۆستی تریان بدرێتێ)
شەشەم: ناوی هاوپەیمانیەکە چی دەبێت؟
بە دڵی لایەنەکان، نەوەی نوێ هیچ مەرجێکی نییە.
حەوتەم: بڕیاردان لەناو هاوپەیمانیەکە چۆن دەبێ؟ بەزۆرینە یان بە تەوافوق؟
لە ئێستادا بە تەوافقی هەر سێ لایەنی نەوەی نوێ و یەکگرتوو و کۆمەڵ، یەکی یەک دەنگیان هەیە، لە داهاتوو بە تەوافقی ئەو لایەنانەی کورسیان هەیە.
هەشتەم: لەناوچە جێناکۆکەکان پێکەوە دەبین یان نا؟
بەڵێ پێکەوە دەبین.
نۆیەم: ژمارەى کاندیدی هەر لایەنێک لەناو لیستەکاندا چۆن دەبێت؟
بە دڵی لایەنەکە بێت، ئێمە وەک نەوەی نوێ هیچ کێشەیەکمان نییە گەر لایەنێک کاندید کەم دابنێت یاخود زۆر. بەڵام چەندە کاندید زۆر بێ و دەنگ کۆبکاتەوە باشترە بۆ هاوپەیمانێتیەکە.