کوردستان

پەکەکە 12ەمین کۆنگرەی خۆی بەست

نهانیوز-هەواڵەکان

پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە کۆنگرەی 12ەمین  پەکەکە لە نێوان 5-7ـی ئایار لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەشێوەیەکی سەرکەووتوانە بەسترا.
 
دەقی راگەیێندراوەکە: 
 
"دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە لە ڕۆژانی ٥ تا ٧ی ئایار، لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو. کۆنگرە بە بەشداریی نوێنەرانی هەموو بوارەکانی کارکردن، لە دوو شوێنی جیاوازدا و بە شێوەی هاوتەریب ئەنجامدرا.
 
دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، لەسەر بانگەوازی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە و سەرەتا بە پەرۆش و ڕێزەوە سڵاوی لە ڕێبەر ئاپۆ کرد و ئەو دید و پێشنیارانەی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە پێشکەشی کۆنگرەی کردبوون، خوێندرانەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا. هەروەها ڕاپۆرتی کورتی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکەش لە کۆنگرەدا خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەسەر کرا.
 
لەم چوارچێوەیەدا، دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، لەسەر بنەمای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، بڕیاری گرنگی مێژوویی سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە دەرکرد.
 
دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، کە لە مانگی ئایار، مانگی شەهیداندا بەڕێوەچوو، یادی هەموو شەهیدانی قارەمانی ٥٢ ساڵی تێکۆشانی مێژوویی بە ڕێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە کردەوە. بانگەوازی لە گەلی نیشتمانپەروەرمان و هەموو هێزە دیموکراتی و سۆسیالیستەکان کرد کە بە دروستی خاوەندارێتی لە هەموو ئەو بەها نەتەوەیی و دیموکراتییانە بکەن کە لە ئەنجامی ٥٢ ساڵی تێکۆشانی مەزندا، بەتایبەتی لەلایەن شەهیدەکانمانەوە، هاتونەتە ئاراوە و بیانژین و بیانژێنن.
 
دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، یادی شەهید سری سورەیا ئۆندەریشی بە ڕێز و پێزانینەوە کردەوە، کە یەکێک بوو لەو کەسانەی زۆرترین ماندووبوونی لە ئامادەکارییەکاندا کێشابوو. بانگەوازی لە هەمووان کرد کە بە هاوکاریی یەکتر کار بکەن بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی ئەو مرۆڤە بەڕێزە، کە ١٢ ساڵ هاوڕێیەتیی ڕێبەر ئاپۆی کردبوو.
 
زانیاری و بەڵگەنامەی فراوان و ورد سەبارەت بە ئەنجام و بڕیارەکانی دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، دوای یەکخستنی ئەنجامەکانی هەردوو شوێنەکە، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا لەگەڵ ڕای گشتیدا هاوبەش دەکرێت.
 
لەسەر ئەم بنەمایانە، لە کەسایەتیی یەکەمین شەهیدی گەورەمان، هاوڕێ حەقی قەرەردا، جارێکی دیکە یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان بە ڕێز و پێزانینەوە دەکەینەوە و بانگەوازی لە گەلی نیشتمانپەروەرمان و دۆستە دیموکراتەکانمان دەکەین کە لە هەموو بوارەکاندا یادی شەهیدە قارەمانەکانمان بکەنەوە و تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر بەرزبکەنەوە!"
بە گوێرەی زانیارییەکان لە ماوەی رۆژانی رابردوودا پە.کە.کە لە ناوچەکانی سلێمانی بە بەشداری سەدان کەس لە کادر و ئەندامانی و لە بەشێکیشدا بە شێوەی ئۆنلاین گۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی بەستووە و بەو پێیەش پرۆسەی ئاشتی خۆی لە قۆناغی چارەنووسسازدا دەبینێتەوە.

 
12کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.