نهانیوز-هەواڵەکان
هاتوچۆی سلێمانی دەربارەی رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل هۆشداری بە شۆفێران و دوکانەکانی جوانکاریی ئۆتۆمبێل دەدات و دەڵێت، دەستکاریکردنی رێژەکەی بەبێ رەزامەندییان سزا و دەستبەسەراگرتنی لێدەکەوێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، بە پێچەوانەی رێنماییەکانی جام رەشکردنی ئۆتۆمبێل، لە سۆشیال میدیا و ئەو دوکانانەی کە کاری جوانکاریی ئۆتۆمبێل ئەنجامدەدەن وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە جامی بەردەم شۆفێر و جامی سەر سندووق (جامی دواوە) ئاساییە رەش بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و قەدەغەیە، لەبەرئەوەی ئاستی بینین کەمدەکاتەوە و پێویستە بەپێی رێنماییەکان کاریان بۆ بکرێت.
هەروەها دوکانەکانی جوانکاریی ئۆتۆمبیل ئاگاداردەکاتەوە کە کڕین و فرۆشتنی (لۆگۆی رێژە / ستیکەر) و گۆڕینی لەزگەی جامی ئۆتۆمبێل دوای رەزامەندی وەرگرتن لە بەڕێوەبەرایەتییان بەڕێژەی بەرزتر، قەدەغەیە و سەرپێچیکار رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
جەختیش دەکاتەوە لەوەی، سەرجەم مەفرەزە گەڕۆکەکانی هاتووچۆ ئاگادارکراونەتەوە کە ئامێری پێوەری رێژەی جام رەشکردن بەکاربهێنن تا ئەو دیاردەیە بنەبڕ بکرێت و هەر شۆفێری ئۆتۆمبێلێک پێچەوانەی رێنماییەکان ئوتومبیلەکەی جام ڕەش بکات سزادەدرێت بە بڕی 500 هەزار دینار و دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی بۆ ماوەی سێ رۆژ.