کوردستان

قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

مهانیوز-هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت  ئاشکرای کرد کە تا ئێستا بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم لەگەڵ پارتی نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و دەشڵێت" هەموو ئەو لیستانە درۆیە کە تیایدا دابەشکردنی وەزارەتەکانی بڵاوکردووەتەوە".

ئەمڕۆ سێشەممە 6ی ئایاری 2025 قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ حکومەت لە میانی بەشداریکردنی لە سێیەم پێشانگای گەشتیاری (میتێکس)  له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان سەبارەت بە دوایین دانوستانەکانی نێوان یەکێتی و پارتی ڕایگەیاند" دانیشتنه‌كه‌ی‌ دوكان دانیشتنێكی‌ باش و به‌سوود بوو، به‌ڕێزان كاك مه‌سرور و كاك بافڵ‌ دانیشتنێكی‌ باشیان هه‌بوو له‌پاڵ‌ دانیشتنه‌كانی‌ تیمه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌".

قوباد تاڵەبانی وتیشی" زۆر ئاساییه‌ له‌ناو هه‌رێم بۆچوونی‌ جیاوازمان هه‌بێت ته‌نانه‌ت مونافه‌سه‌ و ركابه‌رایه‌تیمان هه‌بێت، چونكه‌ دوو حزبی‌ سیاسی‌ جیاوازین"، جێگری سەرۆکی حکومەت ئاشکراشی کرد، کە تا ئێستا سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەڵام یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت گەیشتوونەتە دیدگایەکی هاوبەش"، جەختیشیکردەوە لەوەی هەموو ئەو لیستانە درۆیە کە تیایدا دابەشکردنی وەزارەتەکانی بڵاوکردووەتەوە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد " بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی عێراق بە یەک لیست زۆر ئاساییە کە بۆچوونی جیاواز هەبێت، چونکە دوو حزبی جیاوازین، بەڵام دەبێت لەسەر پرسە نیشتیمانییەکان یەک ئاڕاستە بین لەپێناو هەرێم".

جێگری سەرۆکی حکومەت  لەبارەی کاتی دابەشکردنی مووچەی هەرێم وتی" بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار چاوەڕوانی ڕەزامەندی بەغدادن".

 
2025-05-06
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.