کوردستان

زیاد جەبار : لەبارەی گۆڕانکاری لە دامەزراوەکان و بە تایبەتیش هێزە ئەمنییەکان لە گفتوگۆ داین

نهانیوز-هەواڵەکان

بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەکێتی لە سلێمانی ئاشکرای دەکات کە لەدوای رووداوەکانی رۆژانی رابردوو لە ئەمڕۆوە بەتەنیا دەچم، من ئەوە دەکەم کە خەڵکی سلێمانی دەیەوێت و دڵی پێیخۆشە ودەڵێت"  لەبارەی گۆڕانکاری لە دامەزراوەکان و بە تایبەتیش هێزە ئەمنییەکان لە گفتوگۆ داین".

زیاد جەبار  بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەکێتی لە سلێمانی لەدوای رووداوی هێرش بۆسەر پاسەوانەکانی لە رێورەسمێکدا رایگەیاند" دەزگا ئەمنییەکان هەمیشە کاریگەری گەورەیان هەبووە، راستە گلەیی لە ژمارەیەکیان هەیە، کەموکورتی هەیە، بەڵام زیاتر لە 10 هەزار کەس لەم دەزگایانەدا کاردەکەن، کە پڕن لە خەڵکی تێکۆشەر و ماندوونەناس و دڵسۆز، بەڵام رەنگە کۆمەڵێک خەڵكی هەلپەرست تێکەڵیان بووبێت."

زیاد جەبار دەشڵێت"  ئێمە حزبی خزمەتگوزاری خەڵكین، بۆیە دەبێت سەرجەم دامەزراوەکان وا پەروەردە بکەین فێریان بکەین چۆن خزمەتی خەڵك بکەین".

بە وتەی بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەکێتی لە مانگی 11 ەوە لەبارەی گۆڕانکاری لە دامەزراوەکان و بە تایبەتیش هێزە ئەمنییەکان لە گفتوگۆ دان و دوێنێش لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری کۆتایی لێدراوە، گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت.

لە درێژەی وتەکانیدا زیاد جەبار جەختیکردەوە، ئەگەر لە رابردوودا دوو سێ کەسی بێچەکم لەگەڵ بووبێت لە کاتی دەرچوونم دڵنیاتان دەکەمەوە لە ئەمڕۆوە بەتەنیا دەچم، من ئەوە دەکەم کە خەڵکی سلێمانی دەیەوێت و دڵی پێیخۆشە.

2025-04-28
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.