کوردستان

ئەو پزیشکەی بووە هۆی گیانلەدەسدانی هاوڵاتیەک بەهۆی نەشتەرگەری جوانکاری لە کارەکەی ڕاگیرا

نها نیوز – هەواڵەکان

لەدوای گیانلەدەستدانی ژنێک بەهۆی نەشتەرگەریی جوانکاری لە سلێمانی وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕێکاڕی یاسایی تووندی بەرامبەر پزیشک ( د. ئارام عبداللە محەمەد ) و نەخۆشخانەی (سەفین) ی تایبەت بە نەشتەرگەری جوانکاری گرتەبەر.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە...

لەبەرامبەر نەبوونی پسپۆڕی بواری کاری نەشتەرگەری جوانکاری و نەبوونی ڕێگەپێدانی کارکردنی لە نەخۆشخانەی ناوبراو، وەزارەتی تەندروستی ڕێککاری توندی یاسایی گرتەبەر بەرامبەر بە پزیشک ( د. ئارام عبداللە محەمەد ) ، دوای گیان لەدەستدانی هاوڵاتی (شۆخان عبدالله) لە شاری سلێمانی لە نەخۆشخانەی (سەفین )ی تایبەت کە نەشتەرگەری جوانکاری بۆ ئەنجام درابوو.

بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە:

1- پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە کێشەی گیان لەدەستدانی ناوبراو  بەپێی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٠ (یاسای ماف و ئەرکی نەخۆش لەهەرێمی کوردستان) و پەیڕەوی (پێکهاتە و ئەرکەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوەی پیشەیی لە وەزارەتی تەندروستی) ژمارە (١٦)ی ساڵی ٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی دادوەری داواکاری گشتی و نوێنەری سەندیکای پزیشکانی کوردستان.

2- ڕاگرتنی پزیشک (د. ئارام عبدالله محمد) بەناونیشانی پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی لەکارکردنی تا کۆتایی هاتنی لێژنەی لێكۆڵینەوە ، لەبەر ئەوەی ناوبراو سەرپێچی ڕێنمایی ژمارە (  ١٠ )ی ساڵی ٢٠٢٤  و فەرمانی وەزاری ژمارە (٤٣٠٤) لەڕێکەوتی ٣ /٧ / ٢٠٢٣ ی کردوە ، کەوا کاری پسپۆڕی ئەم پزیشکە نیە بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە بەڵکو ئەم نەشتەرگەریە کاری پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانکاریە نەوەک نەشتەرگەری گشتی.

3- پێبژاردنی نەخۆشخانەی (سەفین)ی تایبەت بەهۆی سەرپێچی کردنی یاسا و رێنماییەکان تایبەت بە نەبوونی رێگەپێدانی کارکردنی پزیشکی ناوبراو لە لیستی میلاکی ئەم نەخۆشخانەیە.

4- داخستنی هۆڵەکانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی ناوبراو لەپێناو سەلامەتی نەخۆش و چارەسەریەکان.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی

24ی نیسانی 2025

2025-04-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.