بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە بۆنەی یادی 51 ساڵەی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی و یادی 43 ساڵەی یادی راپەڕین پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" داواکاریی ئێمە داواکاریی خەڵکە سەربەرزەکەی قەڵادزێیە کە زیاتر دەستی ئاوەدانی بۆ ناوچەکە درێژبکرێت و بە کار و پرۆژە خزمەتیان بکرێت".
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە بۆنەی یادی 51 ساڵەی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی و یادی 43 ساڵەی یادی راپەڕین پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" ئەمڕۆ بە رێزەوە یادی 51 ساڵەی کارەساتی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لەگەڵ یادی 43 ساڵەی یادی راپەڕینی شارەکە دەکەینەوە و سەری رێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ گیانی پاکی شەهیدان و سڵاوی ئەمەکداری بۆ کەسوکاری سەربەرزیان و برینداران دەنێرین".
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت" یادی كارەساتی بۆردوومانی قەڵادزێ و ئەو مەرگەسات و تراژیدییانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتووە، دەبێت هاندەرمان بێت بۆ تەبایی و یەکڕیزیی گەلەکەمان و یەکخستنی هەوڵەکانمان بۆ باشترکردنی حکومڕانی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان تاوەکو ژیانێکی شایستەتریان بۆ دابینبکەین، بە تایبەت هاونیشتمانییانی دەڤەری پشدەر و بیتوێن کە لە کاروانی کوردایەتیدا سەرمەشقی شۆڕش و تێکۆشان بوون".
سەرۆکی یەکێتی لە بەشێکی تری پەیامەکەی دا وتی" داواکاریی ئێمە داواکاریی خەڵکە سەربەرزەکەی قەڵادزێیە کە زیاتر دەستی ئاوەدانی بۆ ناوچەکە درێژبکرێت و بە کار و پرۆژە خزمەتیان بکرێت".
|