لەتیف رەشید: یەکێتی رۆڵێکی گرنگ و کاریگەری لە بەرگری لە مافی گەلی کورد هەبووە
نهانیوز-هەوالەکان
سەرۆک کۆماری عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە کە نابێت لە رێبازی مام جەلال لابدەن و دەڵێت" یەکێتی لەسەرەتای دروستبوونییەوە، رۆڵێکی گرنگ و کاریگەری لە بەرگری لە مافی گەلی کورد هەبووە".
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە وتارێکدا کە لە دووەمین دیداری یەکێتی پێشکەشیکرد رایگەیاند" یەکێتی لەسەرەتای دروستبوونییەوە، رۆڵێکی گرنگ و کاریگەری لە بەرگری لە مافی گەلی کورد هەبووە، رۆڵی سەرەکی هەبووە لە پێشخستنی کۆمەڵی کوردەواری لە زۆرینەی بوارەکاندا، هەزاران لە رۆڵەی تێکۆشەرانی شەهیدبووە، سڵاو بۆ رۆحی پاکی سەرجەم شەهیدانی یەکێتی دەنێرین و پێویستە هەمیشە یادیان بکەینەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت بیرلەوە بکەینەوە کە لە رێبازی سەرۆک مام جەلال لابدەین، ئەو وەک سەرکردەیەکی مەزنی رزگاریی نیشتمانیی نەک لە کوردستان و عێراق ناسراوبوو و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ زۆرینەی سەرکردەکانی جیهان دروستکردبوو، هیوادارم هەموو کات لە ئامۆژگارییەکانی سوود وەربگرین.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی نیسانی، 2025، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال دووەمین دیداری یەکێتی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە 28ـی 5ـی 2022، یەکەمین دیداری خۆی لە شاری سلێمانی دەستپێکرد و لە ڕۆژی 31ـی 5ـی 2022، کۆتایهات، و ئەمڕۆش دووەمین دیداری خۆی دەبەستێت.
|