مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، پشتیوانی ڕۆژنامەنووسانی وردبین و ڕاستبێژ دەکەن.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەگەر چی كاروانی ڕۆژنامەگەریی كوردیی لە سایەی داگیركەراندا چەندین ساڵی سەختی لە هەڕەشەی داخستن و ڕاوەستان بینیوە، بەڵام لە پاش ڕاپەرینی ساڵی 1991 وە دەتوانرێت بوترێت ڕۆژنامەگەریی كوردی جۆرێك لە بەرفراوانبوونی ئازادییەكانی بە خۆوەبینی و خۆشبەختانە تا ئێستاش بەردەوامە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لەسەردەمی خەباتی شاخەوە گرنگییەكی بەرچاوی بە دابینكردنی ئازادی بۆ ڕۆژنامەگەریی و ڕوناكبیری داوە و دروشمی (نان و ئازادی) پڕاو پڕ جێبەجێكردووە، هەر بۆیە لە پاش ڕاپەرینەوە لەسەر هەمان دیدی سەرۆك مام جەلال، گشت هەوڵێكی خستوەتە گەڕ بۆ بەرفراوانكردنی ئازادییەكانی ڕۆژنامەگەری و یەكەمین ڕۆژنامە و دامەزراوی میدیایی ئەهلی و سەربەخۆ لە ناوچەكانی دەسەڵاتی یەكێتیدا دەرفەتیان بۆ ڕەخسا و لێرەوە كاروانی ڕۆژنامەگەری كوردی بێ وچان پێشدەكەوێت.
ئەوەشی وتووە، پشتیوانی خۆمان بۆ ڕۆژنامەنوسانی وردبین و ڕاستبێژ و پشتبەستوو بە سەرچاوەی هەواڵ دووپاتدەكەینەوە، بە جۆرێكی وەها كە لە سەرتاسەری كوردستاندا پانتایی ئازادییان بۆ فراوانتر بكرێت و كایەی ئازادیی سیاسیی و ڕۆژنامەگەری بێبەربەست و كەیسی ناڕەواو هەڵبەستراو هەرگیز تەنگ نەكرێتەوە، میللەتەكەمان شایانی ئازادیی زیاترە و ئازادی و دیموكراسیش پایەی سەرەكی شانازیمانە بە ئەزموونەكەمان لە سەرتاسەری جیهاندا.
|