پێدانی قەرز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر دەستپێدەکات
نهانیوز-هەواڵەکان
وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، بۆ دانانی سیستمی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، حكومەتی هەرێمی كوردستان پێدانی قەرز بۆ كارەبای وزەی خۆر دەستپێدەكات.
سەنعان عەبدوڵا، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، باسی لەوەشکردووە: لەپێناو پاكڕاگرتنی ژینگە و هەڵگرتنی موەلیدە ئەهلییەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی داڕشتووە كە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناكیی كارەبای 24 كاتژمێری، قەرزی درێژخایەن بە هاووڵاتیان بدات بۆ دانانی سیستمی وزەی خۆر، ئەوەش لەپێناو كەمكردنەوەی فشار لەسەر حكومەت و هاندانی خەڵكی بۆ بەكارهێنانی وزەی خاوێن.
ئەوەشی وتووە: هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتیی وزە نوێبووەوەكان لە وەزارەتی كارەبا، دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و وەزارەتی شارەوانی ڕاسپێردراون، ڕێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ بانكەكان لەپێناو كارئاسانیكردن بۆ هاووڵاتیان بۆ دانانی سیستمی وزەی خۆر لە ماڵەكانیان.
پێشتر بانكی ناوەندیی عێراق ڕێكارەكانی پێدانی قەرزی بانكی بۆ بەرهەمهێنانی ئامێری كارەبا بە وزەی خۆر دەركرد، ئێستا دەستكراوە بە پێدانی پێشینەیەك بە هەر بانكێك بەبڕی 300 ملیۆن دینار و بانكەكانیش لەو بڕە پارەیە دەتوانن بڕی 30 ملیۆن دینار قەرز بۆ هەر یەكەیەكی نیشتەجێبوون بدەن.
|