نهانیوز-هەواڵەکان
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر پرۆژەی هەژماری من زانیاری ئاشکرا دەکات و دەڵێت"پرۆژەکە بەردەوامە و نابێت ڕێگری لێ بکرێت و مووچە ماف و شایستەیە و دەبێت بدرێت".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە نۆیەمین دیداری سلێمانی ڕایگەیاند" بەداخەوە دواکەوتن و نەهاتنی مووچە نەدەبوایە ببێتە هەواڵی مانگانە چونکە مووچە ماف و شیاستەیە و دەبێت بدرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی ئێمە هەوڵمانداوە لە هەرێم بە دامەزراوەییکردنی سەرجەم سێکتەرەکانە لەنێویشیاندا مووچە، هەوڵەکانمان بۆ بەبانکیکردنی مووچە لەڕێگەی هەژماری من بەردەوامە بۆ ئەوەی مووچەخۆران خاوەنی هەژماری بانکی خۆیان بن.
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، پرۆژەی هەژماری من بۆ هاووڵاتی و مووچەخۆرە، بۆئەوەی خاوەنی هەژماری بانکی بێت و مووچەکەی دوربێت لە ململانێی سیاسی و میزاجی شەخسی و ئەو شایستەیەیان تێکەڵ بە هیچ ململانێیەک نەکرێت، و دەبێت حکومەت تاکە لایەنبێت مامەڵە لەگەڵ مووچەی هاووڵاتیان بکات.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەختیشیکردەوە، 95٪ ئەوانەی بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من لەو پرۆژەیە ڕازین، وە هیچ ڕێگرییەک نییە بۆئەوەی هەژماری من بەردەوام نەبێت، ئەوەشی لە پێشوتردا لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسی و بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنەوە لەسەری بڵاودەکرایەوە پڕو پاگەندەبوون و هیچی ڕاست نەبوون، بەڵکو هەندێکیان لە پرۆژەکە شارەزا نەبوون.لەڕێگەی هەژماری من سیاسەتی کاش دەگوازینەوە بۆ سیستمی دیجیتاڵی و بەبانکیکردن.
ئەوەشی خستەروو، هیچ لایەنێک نابێت بۆی هەبێت ڕێگری لەبەرنامەی حکومەت بکات، و بەدڵنیاییەوە ڕایدەگەیەنین ئەو پرۆژەیە سەرکەوتووانە بەردەوامە، هەژماری من، مووچە بەشێوەیەكی ڕێكوپێك دەدات بە مووچەخۆران و سوودێكی زۆری بۆ هاووڵاتیان لەڕووی كارتی بانكیی و خزمەتگوزارییەبانکییەکان هەیە، هاوکات فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ كەم كردنەوەی پارەی كاش و بەئەلکترۆنیکردنی سیستمی دارایی لە هەرێم.
مەسرور بارزانی، ئاشکرای دەکات کە، ئەگەر بتوانین گرنگی بە پرۆژەکانی ئاوو و کارەبا و مووچە بدەین هاووڵاتی خۆشگوزەرانتر دەژین.
ڕاشیگەیاند، هیوادارم بەردەوام بین لەو ڕیفۆرمانە و دەمانەوێت هەمووان پشتیوانیمان بکەن، كە دەزانین مەرج نییە هەموو لایەنەكان ئەو پڕۆژانەیان بەدڵ بێت، كە ئەنجامی دەدەین، بەڵام هیچ لایەنێک نابێت بۆی هەبێت ڕێگری لەبەرنامەی حکومەت بکات.
مەسرور بارزانی وتیشی: پرۆژەی ڕووناکی بۆ مەرامی سیاسی بەکارهێنرا، بەڵام پڕۆژەی ڕووناکی بەڵێن نییە، بەڵکو بە کرداری ئەنجام دراوە و لەو پڕۆژەیەدا، كە كارەبای 24 كاتژمێرییە پارە لەسەر هاووڵاتیان زیاد ناکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوانەی پارەی زۆریان بۆ دێتەوە ئەوانەن کارەبا زۆر بەکاردەهێنن، بەڵام لە پرۆژەی ڕووناکیدا 80٪ ئەوانەی بەشدارن پارەی کەمتر لە جاران دەدەن.
ئاشكراشی كرد، هاووڵاتی تەنها ئەو پارەیە هەژمار دەکات، کە بە کارەبای نیشتیمانی دەدات و پارەی مۆلیدەی لەسەر خۆی هەژمار نەدەکرد، بۆیە كاتێك كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاووڵاتی دابین دەكرێت دەبێت ئەو پارەیەی دەیدا بە مۆلیدە بیدات بە حكومەت تا كارەبای بەردەوامی هەبێت.
مەسرور بارزانی جەختیشی كردەوە، کۆی گشتی خەرجی کارەبا زۆر کەم دەبێت لە پڕۆژەکە بەراورد بەوەی پێشتر و هاووڵاتی بەدەست خۆیەتی چەند پارەی کارەبا سەرف بکات.