کەجەکە پەیامێکی نوێی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی بڵاوکردەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
هاوسەرۆکی کەجەکە ڕایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان لەو دۆخەی ئێستایدا ناتوانێت لە کۆنگرەی پەکەکەدا بەشدار بێت و بەڕێوەی ببات و جەختیشی کردەوە کە ئەگەر بمانەوێت بە بێ هیچ مەرجێک چەک دابنێین ئەوە وەک خۆکوژی وایە و هیچ کەسێک قبووڵی ناکات.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە لە گفتوگۆیەکدا ڕایگەیاند" بە پێی ڕەوتی گفتوگۆکان لە نێوان عەبدوڵا ئۆجالان و نوێنەری دەوڵەتی تورکیا لە زیندانی ئیمرالی ، ئۆجالان لە ئێستادا ناتوانێت لە کۆنگرەیەکدا بەشدار بێت و بەڕێوەبردنی کونگرەش مومکین نییە".
وتیش" ەگەر بمانەوێت بە بێ هیچ مەرجێک چەک دابنێین بە ئەو واتایەیە کە بە دەوڵەتی تورکیا بڵێین کە وەرن و بمانکوژن، ئەوە خۆکوژییە و هیچکەسێک ئەو خۆکوژییە قبووڵ ناکات".
هاوسەرۆکی کەجەکە ڕایگەیاند، دوای گفتوگۆکانی نێوان ئۆجالان و حکومەتی تورکیا و ڕاگەیاندنی ئاشتی و بانگەوازی ئۆجالان بۆ ئاگربەست، ئێمەش ئاگربەستمان ڕاگەیاند، بەڵام حکومەتی تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرتووە و لە دۆخێکی ئاواشدا ئەگەری جێبەجێ کردنی رەوتی ئاشتی و بانگەوازییەکە مومکین نییە.
دووپاتیشیکردەوە کە بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ئاشتەواییە، دەبێت دۆخی ژیانی ئۆجالان باشتر بێت و بەڕێوەبردنی کۆنگرەش تەنیا لە ئەگەری کۆتاییهاتنی شەڕدا مومکینە.
|