کوردستان

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری بەرگری یۆنان کۆبوونەوەیەکی گرنگیان ئەنجامدا

نهانیوز-هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ئەمڕۆ لەگەڵ نیکۆس دێندیاس، وەزیری بەرگری یۆنان کۆبووەوە و پێکەوە دۆخی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

 ئەمڕۆ هەینی(11/4/2025)  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم و نتکۆس دێندیاس وەزیری بەرگری یۆنان، بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراویی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە ئاستی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری زیاتر بکرێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنانیش، جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزترکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەردوولا، بە تایبەتیش لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.

لە تەوەرێکی دیکەدا باسی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. 

لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیران روونیکردەوە، هەنگاوی زۆر باش نراوە و بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی کە ئێستا هەیە، گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوام دەبن و گەشبینین لە نزیکترین دەرفەتدا دوو لایەن بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.

 
2025-04-11
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.