کوردستان

ڕێککەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی بەنداوی تشرین کرا

نها نیوز – هەواڵەکان

ئیدارەی خۆسەری کورد و دەسەڵاتدارانی دیمەشق ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی ئیدارەیەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی بەنداوی تشرین کە بەنداوێکی ستراتیژییە لە باکوری سووریا. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ڕێککەوتنی دوو قۆڵی بۆ تێکەڵکردنی دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەر بە دەوڵەتی سووریا.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس: "رێکەوتنێک لە نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی سووریا کراوە بۆ بەڕێوەبردنی بەنداوی تشرین بەپێی فۆرمولەیەک کە هەردوولا لەسەری ڕێککەوتوون، لەگەڵ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی (کوردی) بەتەواوەتی لە ناوچەی بەنداوەکە".

هێزەکانی سووریای دیموکرات، باڵی سەربازی ئیدارەی خۆسەر، کۆنتڕۆڵی بەنداوی تشرین لە لادێی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب دەکەن.

دوای چەند ڕۆژێک لە دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ لە دیمەشق لە 8ـی کانوونی دووەم، بەنداوەکە چەندین جار لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە هێرشی کراوەتەسەر و دەیان هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا، ئەوەش بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ.

بەنداوەکە گرنگییەکی ستراتیژی هەیە، کارەبا بۆ ناوچە بەرفراوانەکانی سووریا دابین دەکات و وەک دەروازەیەکی چوونە ژوورەوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات کە لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی کوردیدایە سەیر دەکرێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، ڕێککەوتنەکە "لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دێت کە لە 11ـی ئازاری ڕابردوو لەنێوان مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا واژۆکرا.

هاوکات، تا ئێستا هیچ لێدوانێک لە دیمەشقەوە سەبارەت بە ڕێککەوتنی بەنداوی تشرین دەرنەچووە.

بەگوێرەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕێککەوتنەکەدا ئەوە هاتووە ئیدارەی خۆسەر سەرپەرشتی "جێبەجێکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی بەنداوەکە دەکات، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتییەکان، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی خزمەتگوزارییە گرنگەکانی".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کارمەندانی ئاسایشی ناوخۆی کورد لە تیمە ئەمنییەکانی دامەزراوەکەدا بەشداری دەکەن، لەگەڵ کارمەندانی ئاسایشی دەسەڵاتی نوێ.

2025-04-10
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.