کوردستان

ئەحمەد شەرع لە توركیا نێچیرڤان بارزانی و فوئاد حسێن دەبینێت

نها نیوز - هەواڵەکان

بەپێی رۆژنامەی (العربی الجدید)، ئەحمەد شەرع لە تورکیا سەرۆکی هەرێم و وەزیری دەرەوەی عێراق دەبینێت، هەروەها بەهۆی فشاری لایەنگرانی ئێرانەوە تائێستا سودانی بڕیاری نەداوە لەبارەی بەشداریكردن لە دیدارەكە.

بەرپرسێکی باڵای عێراقی بە رۆژنامەی (العربي الجدید) راگەیاندووە "بەرپرسانی تورکیا ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆبونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا و بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق، لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتالیا، کە شەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

بەرپرسە باڵاکە وتیشی "لایەنی تورکی زەمینەسازی دەكات بۆ کۆبونەوەی لاوەکی لەنێوان بەرپرسانی عێراق و ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا".

هەر بەپێی وتەی سەرچاوەکە "وەزارەتی دەرەوەی تورکیا له پەراوێزی کۆنفرانسی دیپلۆماسی ئەنتالیا، شەممەی داهاتوو، سەرپەرشتی ئەم  بابەتە دەكات، که شەرع تیایدا ئامادە دەبێت، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق.

ئاماژەی بەوەشكردووە، چەند رۆژێکە لایەنی تورکیا کار لەسەر ئەو بابەتە دەکات، بەڵام تائێستا ئەو بابەتە لەلایەن سودانی یەکلایی نەکراوەتەوە، ئەوەی لە ئێستادا دڵنیایە ئەوەیە، کە بەرپرسانی دیکەی عێراق، وەك فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان شەرع دەبینن.

هاوکات محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی هەرچەشنە نزیکبونەوەیەک لەگەڵ سوریای نوێ، روبەڕوی فشاری هاوپەیمانەكانی ئێران دەبێتەوە. 

بەوتەی چاودێران، رەنگە سودانی ئەم کۆبونەوەیە رەتبکاتەوە، بۆ ئەوەی زیانی سیاسی لەناوخۆی عێراق پێنەگات لەلایەن هاوپەیمانەکانی تاران، بەتایبەتی، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، وەک نوری مالیکی و، قەیس خەزعەلی.

ئەو هەوڵانەی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئەو دیدارە، لەچوارچێوەی خواستی ئەنكەرەدایە، بۆ خولقاندنی کەشوهەوای هاوکاری نێوان بەغدا و دیمەشق، کە وابكات بە قازانجی خۆی ئاڕاستەی بكات لەسەر پرسی کورددا، هەروەها لەبواری  ئەمنی و تەنانەت دۆسیەیەی ئابوریش.
2025-04-10
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.