مەسعود بارزانی: شەڕی گەورە بەڕێوەیە
نهانیوز-هەواڵەکان
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، داوا لە پارتی و یەکێتی دەکات پەلە بکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێ، چونکە گۆڕانکاری زۆر لە ناوچەکە ڕوودەدات و ڕوویداوە و " شەڕی گەورە بەڕێوەیە".
بارزانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کاتی کردنەوەی پێشانگای کتێب لە هەولێر باسی لەوەکرد: گۆڕانکاری لە ناوچەکە ڕوویداوە و بەرپرسیارێتی گەورە لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر شانی پارتی و یەکێتی.
بارزانی هیواشی خواست، ئەو شەڕەی بەرۆکی چەند وڵاتێکی گرتووەتەوە کۆتایی پێ بێت، بەتایبەتی لە غەززە و لوبنان.
دەربارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق؛ بارزانی وتی" "تاڕادەیەکی باش کێشەکانی نێوانیان چارەسەر کراون، بەڵام هێشتا زۆری ماوە." هۆکاری سەرەکیی کێشەکانیشی گەڕاندەوە بۆ پابەندنەبوون بە بنەماکانی عێراقی نوێ و دەستوور و ئاماژەی بەوە کرد، "عێراقی نوێ لەسەر سێ بنەمای سەرەکی پێکهات، ئەوانیش: هاوبەشی، هاوسەنگی و سازانن؛ بەڵام بەداخەوە پابەندبوونی پێوە نەکرا. ساڵی 2005 دەستوورێک بۆ عێراق نووسرا، ئەگەر پابەند بوونایە بەو دەستوورە، زۆرێک لە گرفتەکان روویان نەدەدا." هەروەها چارەسەریش بە "گەڕانەوە بۆ ئەو سێ بنەمایە و پابەندبوون بە دەستوور" دەزانێت.
بارزانی داوای لە هەموو هێزە سیاسییەکان کرد، چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە بەغدا، دان بە هەڵەکانیاندا بنێن، "دەبێت جورئەتی ئەوەیان هەبێت دان بە هەڵەکاندا بنێن و جارێکی دیکە لاپەڕەیەکی تازە بکەنەوە، بۆئەوەی عێراقیش تووشی گرفتی گەورەتر نەبێت."
بارزانی نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ئەوەی خستەڕوو، "وەکو دەبینین لە دەوروبەرمان گرفتی زۆر گەورە هەن، شەڕی گەورە بەڕێوەیە... ئێمە ئومێدەوارین هەرچی زووە ئەو شەڕانە کۆتاییان پێبێت، ئێش و ئازاری ئەو خەڵکە تەواو ببێت." جەختیشی کردەوە لە گرنگیی دوورخستنەوەی عێراق لەو ململانێیانەی لە ناوچەکە هەن، "لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت ئەوانەی ئێستا لە بەغدا کاربەدەستن، بە هەموو توانایەک هەوڵبدەن، عێراق تێکەڵاوی ئەو شەڕانە نەبێت."
|