نهانیوز-هەواڵەکان
چەند سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی ئاشكرایان كرد، هەردوو وڵات، لەسەر دابەشكردنی سووریا ڕێككەوتون بەسەر هەژموونی (توركیا و ئیسرائیل و ئەمریكا و ڕوسیا)دا، ئەمەش دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ژمارەیەک فڕۆکەخانە و بنکەی سەربازی سووریا، کە تورکیا دەیویست وەک بنکەی سەربازی بەکاریانبهێنێت.
سایتی (میدڵ ئێست ئای) بڵاویکردەوە: ئیسڕائیل مەترسیی هەبووە، کە تورکیا کۆنتڕۆڵی ژمارەیەک بنکەی سەربازیی و ئاسمانی سووریا بکات و ڕێگریی لە فڕینی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بکات بەسەر ناوچەکەدا، بۆیە هەرزوو سەرجەم ئەو بنکانەی لە حەمما و تەدومور و حمس و دیمەشقی کردە ئامانج و لەناوی بردن.
سەرچاوە سەربازی و ڕۆژنامەوانییەکانی ئیسرائیلی بڵاویان کردۆتەوە، ئیسڕائیل پێشنیازی بۆ تورکیا کردووە، سووریا بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەش بکەن و هەرلایەک هەژموونی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت و ناوچەیەکی کەمیش بۆ دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع بهێڵرێتەوە تا ئەوکاتەی حکومەتێکی سەربەخۆ و هەڵبژێردراو دەستبەکار دەبێت.
ڕۆژنامەی (یەدیحوت ئەحرەنوت)ی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە؛ لە پشتی پەردەوە تورکیا و ئیسرائیل گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیەک دەکەن، بۆ دابەشکردنی سووریا بەجۆرێک باکوری سووریا بۆ تورکیا بەجێدەهێڵرێت، رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) بۆ ئەمەریکا، باشور و رۆژهەڵاتیش لەژێر هەژمونی ئیسرائیلدا دەبێت، کەناراوەکانی سووریا لە تەرتوس لەژێر هەژمونی روسیادا دەمێنێتەوە، سەبارەت بە حکومەتی دیمەشقیش ئیسرائیل پێی وایە ئەوە ئیدارەیەکی کاتییە و ناوچەیەکی کەمی بەدەستەوەبێت تا ئەوکاتەی حکومەتێکی سەقامگیر و سەربەخۆ و هەڵبژێردراو دەستبەکاردەبێت، ئەوەش چەند ساڵێکی پێویستە.
چوار سەرچاوەی سەربازیی ئاگادار ئاشکرایان کردووە، دوای هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر ئەو بنکە و فڕۆکەخانانەی کە تورکیا بە نیازبوو لێی جێگیربێت لە (بنکەی تی فۆڕ و تەدمور و حەمما) تورکیا دەستبەرداری بەشێکیان بووە، دواتر تیمێکی ناردووەتە ئەو بنکانە بۆ زانینی ئاستی زیانەکان و پەیامێکیشی ئاڕاستەی ئەمەریکا و ئیسرائیل کردووە، کە بوونی سوپای تورکیا لە سووریا، هیچ مەترسییەکی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل نییە و بۆ ئەوەش ئامادەیە هەموو گرەنتییەک بدات.
دوای ڕوخانی رژێمی بەشار ئەسەد و گرتنەدەستی دەسەڵاتی دیمەشق لەلایەن بەرەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، ئیسرائیل گومانی هەبوو لەوەی تورکیا ئەو دۆخەی سووریا بقۆزێتەوە بۆ سەپاندنی هەژموونی زیاتری خۆی بەسەر ئەو وڵاتەدا و ئەوەشی بە مەترسی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دادەنێت.
هێرشەکانی هەفتەی رابردووی ئیسرائیل پەیامێکی توندی گەیاندە تورکیا، هەرزوو هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: نایانەوێت ڕووبەڕووی ئیسڕائیل ببنەوە و پێکدادان لەنێوانیاندا ڕووبدات لە سووریا، سوورییەکان بە تەنها خۆیان بڕیار لە چارەنووسی وڵاتەکەیان دەدەن.
ئەوەش دوای هۆشدارییەکی ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هات کە پەیامێکی توندی ئاڕاستەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا کرد و ڕایگەیاند: ڕێگەدان بە دەستوەرانی هەر وڵات و نەیارەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە و دروستکردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی، باجەکەی قورس دەبێت.
هەرچەندە وەزیری بەرگری، بەهیچ شێوەیەک ناوی تورکیای نەهێنا، بەڵام جەختی کردەوە، لەناوبردنی بنکەی تی فۆڕ و فڕۆکەخانەی سەربازیی تەدمور و حەما و بنکەیەکی سەربازیی نزیک دیمەشق، پەیامە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن.