قوباد تاڵەبانی : ئێمە روئیایەکی روونمان هەیە کە سلێمانی بکەینە ناوەندی داهێنان
نهنایوز- هەواڵەکان
بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی نیسانی 2025دووەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی داهێنان و کارسازی، لە شاری سلێمانی، کارگەی کولتوور دەستیپێکردو لە وتەیەکیدا رایگەیاند: " سلێمانی شانازی بەوەوە دەکات کە هەمیشە ناوەند و پایتەختی ئەدەب و رۆشنبیریی کوردستان بووە ".
ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە دووەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی داهێنان و کارسازی رایگەیاند" سلێمانی شانازی بەوەوە دەکات کە هەمیشە ناوەند و پایتەختی ئەدەب و رۆشنبیریی کوردستان بووە، ئێستاش لەپاڵ ئەم شانازییەدا، ئامانجمانە لە داهاتوودا سلێمانی ببێتە پایتەخت و ناوەندی داهێنان و تەکنەلۆژیا لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا".
قوباد تاڵەبانی وتیشی" چەند ساڵێکە لە هەوڵداین بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ داهێنان، بەڕێوەچوونی ساڵانەی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی داهێنان و کارسازی لە سلێمانی لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە. کوردستان و سلێمانی پڕە لە گەنجی زیرەک و خولیای داهێنان، ئەوان پێویستییان بە پشتگیری و ژینگەیەکی لەبارە و ئێمەش ئامانجمانە چ وەک حکومەت و چ لەڕێگەی هاندانی کەرتی تایبەت و زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە وەبەرهێنان لەسەر بیرۆکە و تواناکانیان بکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمە رێگەیەکی درێژە و ئێمە هێشتا لەسەرەتاداین، بەڵام دڵنیاین و ئیرادە و روئیامان هەیە ئەم خەونە بکەین بەڕاستی و سلێمانی بکەینە یەکێک لەناوەندە گرنگەکانی داهێنان و تەکنەلۆژیا لەناوچەکەدا.
ئامانج لەكۆڕبەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازی، خستەڕووی كێشەكان و چارەسەری داهێنەرانەیە، بەسوود وەرگرتن لەو داهێنانانەی كە لەلایەن گەنجانەوە دەخرێنەڕوو، لەهەمانكاتدا، جگە لەسوودی گشتی، كەسی داهێنەر سوود لەپڕۆژەكە لێوەردەگرێت پڕۆژەكەی دەبێتە راستی و كاری پێدەكرێت و خاوەن بیرۆكەكە دەبێتە خاوەنی پڕۆژەكە.
ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی 25ی1ی2024 بۆ یەكەمینجار لە هەرێمی كوردستان و عیراق یەکەمین كۆڕبەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازی بە بەشداری 300 میوانی تایبەت و كونسوڵی وڵاتان و خاوەنكارو وەبەرهێن، لەسلێمانی بەڕێوەچوو لە كۆڕبەندەكەشدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: "خۆشحاڵم لە سلێمانی كۆبووینەتەوە، چونكە ئەم شارە هەمیشە پێشەنگی داهێنان و روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكان بووە".
|