رۆژانی جەژن بارانی بەخوڕ و تەرزە دەبارێت
مهانیوز-هەواڵەکان
کەشناسێکی کورد لە رۆژانی جەژندا پێشبینی چالاکبوونی با و خۆڵبارین دەکات و دەڵێت" رۆژی دووشەممە ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و بارینی تەرزەش ئەبێت ، پلەکانی گەرماش 4 تا 6 پلە بەراورد بە ئەمرۆ و سبەی نزمدەبێتەوە".
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" سبەی یەکشەمە 30ی ئازار یەکەم رۆژی جەژنی ڕەمەزان لە ئەنجامی درێژبوونەوەی کەشێکی ناسەقامگیر لەدەریای سوورەوە بۆ سەرناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاسمان بە زۆری نیمچە ھەور ئەبێت ، بای باشور و باشوری رۆژھەڵات بەخێرای 20-40 کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا لە کاتەکانی نیوەرۆوە چالاک ئەبێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ ناروونی ھەوا لەسەرجەم ناوچەکان ھەیە".
ئاشکراشی دەکات کە " لە کاتەکانی دوای نیوەرۆوە لە ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق تاوە باران و ھەورە بروسکە بەرێژەی جیاجیا دەستپێدەکات و لەکاتەکانی ئێوارە و شەودا ناوچەکانی دیکەی عێراق و سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە زیاتر لە نمە بارانی پچر پچر پێکدێت و لەھەندێ شوێنیشدا تاوە بارانی باش و مامناوەند چالاک ئەبێت لەگەڵ دروستبوونی ھەورە بروسکەدا ، پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ جێگیر ئەبێت".
ئەو کەشناسە دەڵێت" کاریگەری ئەو شەپۆلە بەرەبەیانی دوو سبەی دووشەمە چالاکتر ئەبێت بەتایبەت لەناوچەکانی پارێزگای ھەولێر و دھۆک و ناوچە شاخاویەکانی ئیدارەی سۆران و راپەرین و ناوچەی شاخاوی پارێزگای سلێمانی ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و بارینی تەرزەش ئەبێت ، پلەکانی گەرماش 4 تا 6 پلە بەراورد بە ئەمرۆ و سبەی نزمدەبێتەوە و ئێوارەی ھەمان رۆژ کۆتای بەو ناجێگیریە لەکەشی ناوچەکانمان دێت ".
ئاماژە بەوەشدەکات کە دووبارە لە رۆژی چوارشەمەوە 2ی نیسان حاڵەتەکە چالاک ئەبێتەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژێ تاوە باران و ھەورە بروسکە دەستپێدەکاتەوە ..
|