گۆڕان گەورەترین "موئامەرە"ی کوردەتاچییەکانی تێپەڕاند
نها نیوز - هەواڵەکان
بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، موئامەرەی کودەتاچییەکان هەڵوەشایەوە و سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی ئەنجام دەدەن.
دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا کە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ گردەکە یەکلاییبکاتەوە، جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەکە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "بە هەمووان رادەگەیەنین بزوتنەوەی گۆڕان پاڵپشت بە بڕیاری فەرمانگەی پارتە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە رۆژی شەممە، 5ی 4ی 2025، کاتژمێر 10ی بەیانی، سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی لە مەکۆی سەرەکی لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی ئەنجام دەدات".
ئەوەش هاتووە "بڕیاری کۆمسیۆن پاش هەنگاوە قانونی و رێکخراوەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دێت".
دەقی راگەیەندراوی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان:
هاونیشتیمانیان و گۆڕانخوازانی بەڕێز
هەڵسوڕاو و دڵسۆزانی بزوتنەوەی گۆڕان
سەرکەوتنتان پیرۆز بێت!
پیرۆزبای لە هەمو گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەکەین کە چەند رۆژێک پاش ساڵیادی راپەڕینی گەلی کورد، کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری بو، دواتر ئەندازیاری گۆڕانکاری و دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان بو، پشت ئەستور بە یارمەتی خوای گەورە و لێبڕاوی گۆڕانخوازان، هەڵسوڕاوان و ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی لە (بەرەی دەستور) حەق بەسەر باتڵدا زاڵ بو و تاجی سەرکەوتنی کردە سەری.
وەفادار بە بەڵێنمان کە هەمو رێگەیەکی قانونی، سیاسی و رێکخراوەی بگرینەبەر دژ بە کودەتا و هەڵگەڕانەوە لە دەستوری ناوخۆی گۆڕان لە شەش مانگی رابردودا بە هەوڵێکی بێوچان موئامەرەی کودەتاچیەکان هەڵوەشایەوە.
بە هەموان رائەگەیەنین بزوتنەوەی گۆڕان پاڵپشت بە بڕیاری فەرمانگەی پارتە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە رۆژی شەممە، 5ی 4ی 2025، کاتژمێر 10ی بەیانی، سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی لە مەکۆی سەرەکی لە گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی ئەنجام ئەدات. بڕیاری کۆمسیۆن پاش هەنگاوە قانونی و رێکخراوەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دێت.
لەم رێگەیەوە سەرجەم گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی راستەقینە کە پابەند بوون بە بەرنامەی سیاسی گۆڕان و کەلەپوری نەوشیروان مستەفا و دەستوری ناوخۆی ئامادەکاری تەواو بکەن و هەمو ئەندامانی دەستەی گشتی (الهیئة العامة) بانگێهێشت ئەکەین بۆ بەشداری کۆنفرانسی نیشتیمانی لە رۆژی دیاریکراودا ئامادەبن.
جارێکی دیکەش پیرۆز بێت تاجی سەرکەوتن.
|