ئەمڕۆ گەورەترین پرس یەکلایی دەکرێتەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كۆدەبێتەوە و ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتیش دەڵێت "لەگەڵ تەواوی فراکسیۆنەکان هەماهەنگیمان هەیە و مژدەی خۆش بە هەڵەبجەییەکان دەدەین".
د. بڕیار رەشید، پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بەماڵپەڕی فەرمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی وت "ئەمرۆ سێ شەممە 25-3-2025، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبێتەوە و بڕگەی یەكەمی بەرنامەی كاری دانیشتنەكەش بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەبێت".
وتیشی "فراکسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ تێپەراندنی ئەم بڕگەیە و دەنگدان لەسەری هەوڵی تەواوەتی داوەو واژۆی بۆ كۆكردووەتەوە، بۆیە ئومێدەوارین سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان پشتیوانمانبن"
د.بڕیار زیاتری رونکردەوە "پێشبینی دەكەین دانیشتنەكەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ئەنجامی باشی هەبێت، چونكە بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكانەو فراكسیۆنە كوردستانییەكان هاوڕاو یەكگرتوون لەسەری".
لایخۆشییەوە چرۆ حەمە شەریف ئەندامی پەەلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی یەكێتی راگەیاند "وەك فراكسیۆنی یەكێتی و نوێنەری هەڵەبجە داوامان لەسەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و جێگرەكانی كرد كە پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی كارەوە و مژدە بەخەڵكی هەڵەبجە دەدەین هەڵەبجە دەبێتە 19هەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای كوردستان".
|