ئازادکردنی شێروان شێروان دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو
بە وتەی محەمەد عەبدوڵا پارێزەری رۆژنامەوان شێروان شێروانی رێکارە کارگێڕییەکانی ئازادکردنی ناوبراو هەفتەیەکی خایاندووە و ئازادکردنی دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو و وتی" لەسەر هێڵ دەبین بۆ ئەوەی سبەی رێکارەکانی ئازادکردنی تەواو بکەین".
بڕیاربوو، 9ـی ئازاری 2025، رۆژنامەوان شێروان شێروانی ئازاد بکرێت، بەڵام پارێزەرەکەی رایگەیاند "بەهۆی تەواونەبوونی رێکارە کارگێڕییەکان ئازادکردنی دواخراوە و بووەتە بەربەست لە هاتنە دەرەوەی لە زیندان".
پارێزەرەکەی شێروان شێروانی ئەوەشی خستبووەڕوو، شێروان دۆسیەیەکی لە دادگاکاندا ماوە، کە بۆ ساڵی 2022 دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەو دۆسیەیە رێگرنابێت لە ئازادبوونی و کەفالەت دەیگرێتەوە.
شێروان شێروانی، رۆژی 16ـی شوباتی 2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەوان و چالاکوانی بادینان لەلایەن دادگای تاوانی هەولێرەوە بە شەش ساڵ زیندانیی سزادرا.
لە شوباتی 2022ـدا بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان %60ـی سزای گیراوەکانی دیکە و سزاکەی شێروان شێروانی %50 کەمکرایەوە.
|