کوردستان

قوباد تاڵەبانی هەنگاوێکی گرنگ لەبەرژەوەندی هەرێم دەنێت

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی چین کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە لیۆ جیون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە (12/3/2025)، لە هەولێر بەڕێوەچوو، باسی دۆخی سوریا و رێککەوتنی ئەم دوایەی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و حکومەتی کاتیی سوریا کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی، رێککەوتنەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ دانا بە ئاراستەی سەقامگیری و دابینکردنی مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سوریا و هیوای خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە دەستپێکێک بۆ ئەوەی لایەنەکانی سوریا بتوانن لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.

لە بەشێكی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر پرۆسەی گەشەپێدان و بە تایبەتیش گەشەپێدانی ناوچەیی لە هەرێمی کوردستان کرا. جێگری سەرۆک وەزیران روونیکردەوە کە ئامانجیانە بە شێوەیەکی هاوسەنگ هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا گەشە بکات و داواشیکرد وڵاتی چین کە خاوەنی ئەزمونێکی دەوڵەمەند و سەرکەوتووە لەمبارەیەوە هاوکاری هەرێم بکات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا کونسوڵی گشتیی چین ئاماژەیدا بە پەرەپێدانی تواناکان لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاند زیاتر لە 500 هاوڵاتی هەرێم سودمەند بوون لە بەرنامەی پەرەپێدانی تواناکان و  لە داهاتووشدا خولەکانی راهێنان بۆ پەرەپێدانی تواناکان بەردەوام دەبێت. 

لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەتی چین و کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتەی کرد و رایگەیاند بەردەوامبوون لەسەر بەرنامەی پەرەپێدانی تواناکان کاریگەری باشی دەبێت لەسەر بەهێزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی چین. 

لە تەوەرێکی دیکە گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەبردنی باشتری سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان و لەم چوارچێوەیەدا کاری هاوبەش و گواستنەوەی ئەزمونی چین بۆ کوردستان بە پێویست زانرا.

5کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.