حکومەتی هەرێم بڕیاری لێخۆشبوون بۆ دوو قەرز دەردەکات
نهانیوز-هەواڵەکان
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی ئاداری 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا،کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پێشنیارێکی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرزکردەوە، و داوای لیخۆشبوونی پێشینەی هاوسەرگیریی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە پێش ساڵی 2013 وەریانگرتووە، هاوکات لێخۆشبوون لە قیستەکانی ماوە بۆ سوودمەندانی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوو کە بۆ پڕۆژەی مامناوەمد ئەو قەرزانەیان وەرگرتبوو، بەڵام ئەو سوودمەندانە کۆچی دواییان کردووە بکرێت، هەردوو بڕیارەکە پەسەند کران.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەویش دوای ئەوەی ئەمڕۆ بڕی 958 ملیار دینار وەک مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بڕیاریش درا هەر لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی بکرێت، لە هەمانکاتدا سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانیش ڕاسپێردران هەرچی زووە لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ بنێردرێت، بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار پێش پشووەکانی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دوا پێشهاتەکانی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕوو.
لەم بارەوە وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، تیشکی خستە سەر ئەنجامی گفتوگۆ و هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشناییی بڕگەکانی یاسای بودجەی فیدراڵ.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەپێناو زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و کارکردنی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە و تەواوکردنی پێداویستی و ڕێکارەکانی هەناردەکردن، لە هەمانکاتدا جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێم کردەوە بۆ جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە بە ئاراستەی هەناردەکردنەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، ئەمەش لە دوای تەواوکردنی ڕێکار و پێداویستییەکانی پرۆسەکە کە ئێستا هەر دوو وەزارەت و کۆمپانیا نەوتییەکان بە هاوبەشی کاری لەسەر دەکەن.
بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی دوو پێشنیار کە لەلایەن کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕوو، سەبارەت بە لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە پێش ساڵی 2013 ئەو پێشینەیەیان وەرگرتبووە. هەروەها لێخۆشبوون لە قیستەکانی ماوە بۆ سوودمەندانی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوو کە بۆ پڕۆژەی مامناوەمد ئەو قەرزانەیان وەرگرتبوو، بەڵام ئەو سوودمەندانە کۆچی دواییان کردووە.
ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ هەردوو پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد، هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاسپێردران بە دەرکردنی ڕێنماییی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.
لە بڕگەی کۆتاییدا، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دیاریکردنی ڕۆژەکانی پشوو و بۆنە فەرمییەکان لە ڕۆژمێری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن جووتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاریی یاسایی و تەشریعیی پێویست لەم بارەوە بگرنەبەر.
|