هەسەدە دەنگۆیەکی مەترسیدار لەبارەی رێکەوتنەکەی عەبدی و شەرع رەتدەکاتەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، رێككەوتنی نێوانی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع سەرۆكی کاتی هەنگاوێكی گرنگە، دەشڵێت "ئەو زانیارییانەی باس لەوە دەكەن، كە هێزەكانی دیمەشق دێنە حەسەكە ناڕاستن".
فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) سەبارەت بەڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ دیمەشق زانیاری نوێی رایگەیاند و وتی "رێككەوتنەكەمان لەگەڵ دیمەشق هەنگاوێكی ئەرێنی و گرنگە، هەروەها ئەم رێككەوتنە سەرەتاییە و بە نێوەندگیری ئەمریكا بووە، ئەمریكییەكان لایەنێكی سەرەكی ئەم رێككەوتنەن".
ئاشکراشیکرد "ئەو زانیارییانەی باس لەوە دەكەن، كە هێزەكانی دیمەشق دێنە حەسەكە ناڕاستن، رەنگە هێزەكانی دیمەشق لەسەر سنوور جێگیر بن".
شامی وتیشی "ئەنجوومەنە پێكهێنراوەكان پرسی زیندانییەكان چارەسەر دەكەن، یەكێك لە لیژنەكان تایبەتە بە خۆبەڕێوەبردن لەڕووی پەروەردە و بارودۆخی ئەو خوێندكارانەی، كە زمانی كوردییان خوێندووە".
وتەبێژی هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو، هیچ گۆڕانكارییەك لە دۆسییەی داعشدا نییە، "دۆسییەی داعش لە دەستی قەسەدەدا دەمێنێتەوە".
لە كۆتاییدا ئەو وتی "ماوەی دوو ڕۆژە توركیا هێزەكانی خۆی لە بەنداوی تشرین و قەرقۆزان كۆدەكاتەوە، ئامانجی سەرەكیمان راگرتنی شەڕە، هەروەها ئامانجمان گەڕانەوەی ئاوارەكانی عەفرینی و گرێ سپییە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و راگرتنی گۆڕانی دیمۆگرافیایە".
ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری ئەو وڵاتە رێككەوتنێكی واژۆكرد، بەپێی رێككەوتنەكە هێزەكانی هەسەدە دەبنە بەشێكی فەرمی لە بەرگری سوریا، ئەم ڕێككەوتنەش زۆر دڵخۆشکەربوو بەتایبەتی بۆ عەلەوییەكان.
|