رێباز حەملان لەبارەی دەستلەکار کێشانەوەی روونکردنەوە دەدات
رێباز حەملان لەبارەی هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەی روونکردنەوە دەدات و دەڵێت" بڕیاری چارەنوسسازم داوە".
رێباز حەملان بریکاری دەست لەکارکێشاوەی وەزارەتی دارایی عێراق، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" لە بەغداد کەرامەت و مەبدەئی کوردایەتی و کوردستانی بوونم خستە پێش بەرژەوەندی تایبەتی خۆم، بەکردەی نوێنەرایەتی کورد و ھەرێمم کرد، بە باوەڕێکی کوردانە".
دەشڵێت" لەگەڵ دەستبەکاربونم وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم، دیدار و کۆبوونەوەم لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی بەغداد کرد لە ئاستی زۆر باڵا، دواتر لە راگەیاندن چەندین دیدارم ئەنجامدا و بەرگریم کرد لە مافەکانی ھەرێم، راستییەکانم باسکرد کە حکومەتی ھەرێم پابەندبووە بەو داواکاریانەی لێی کراوە و هەموی جێبەجێ کردووە".
دەقی بڵاوکراوەکەی ڕێباز حەملان:
مافی خەڵكی كوردستان زۆر گەورەترە لە پۆست و پلە و پایە..
بە شانازییەوە، لە ژیانی سیاسی خۆمدا بۆ جاری دووەم لەسەر مافی میللەتەکەم بڕیاری چارەنوسسازم داوە.
لە بەغداد کەرامەت و مەبدەئی کوردایەتی و کوردستانی بوونم خستە پێش بەرژەوەندی شەخصی خۆم، بەکردەیی نوێنەرایەتی کورد و ھەرێمم کرد، بە باوەڕێکی کوردانە.
بەتایبەت کە متمانەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی وەردەگریت دەبێت وەک ھەڵۆ بەرامبەر نەیاران بوەستیت، لەبەردەم دەستکەوتی ماددی و بەرژەوەندی تایبەت نابێت چۆک دابدەیت.
لەساڵی ٢٠١٧ لەسەر پشتیوانی و پشتگیری ریفراندۆم ھەڵوێستم وەرگرت، پاشان لەسەر بەرگری لە حکومەتی ھەرێم کە رێگەم نەدا ئەنجومەنی وەزیران نیصابی قانونی لەدەست بدات، بڕیارمدا وەک وەزیری دارایی و ئابوری لەناو حکومەت بەردەوام بم لەسەر خزمەتکردنی گەلەکەم باجی ئەو ھەڵوێستەم ھەرچی بێت دام.
لەگەڵ دەستبەکاربونم وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ، لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم، دیدارو کۆبوونەوەم لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی بەغداد کرد لە ئاستی زۆر باڵا، دواتر لە راگەیاندن چەندین دیدارم ئەنجامدا و بەرگریم کرد لە مافەکانی ھەرێم، راستییەکانم باس کرد کە حکومەتی ھەرێم پابەند بووە بەو داواکاریانەی لێی کراوە و هەموی جێبەجێ کردووە ، بەتایبەت جەنابی کاک مەسرور بارزانی خەمخۆرانەو پشوو درێژانە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەل بەغداد ، ئەم ھەوڵانەم نیگەرانی وەزیری دارایی عێراقی لێکەوتەوە و بەیاننامەی لەسەر دەرکردم ، بۆ یهكهمجارە لە سایتی وەزارەتێک لە عێراق بهیاننامه له دژی بەرپرسێکی باڵا بڵاوبکرێتەوە، چونکە من لەبەغداد پێشمەرگە ئاسا بەرگریم لەقوت و مافی خەڵکی ھەرێمکرد و خەریکی بەرژەوەندی شەخسی خۆم نەبووم، دواتر لە کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجومەنی وەزارەت کێشەکە زیاتر گهورهكرا و لهگهڵ خودی وهزیر لەبەردەم ھەموو ئامادەبووان کە ٢٤ بەرێوەبەری گشتی ئامادەبوون دەمەقاڵی و گرژی دروست بوو، به شانازییهوه سەرسەختانە مرافەعەم لەسەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان کرد.
لەم ساڵی ٢٠٢٥دا، لەسەر داواکردن بۆ سەرپەرشتی کردنی مەلەفی بودجە و مووچەی ھەرێم، لەسەر پێداگیری لە شایستە داراییەکانی ھەرێم، هەروەها لەسەر مامەڵەی نادروستی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر پرسی مووچەو بودجەی ھەرێم، کە زۆر مامەڵەیەکی سیاسیانەیە بە ناوی بابەتی تەکنیکی و ھونەرییەوە بەردەوام مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دوا دەخرێت و لەکاتی خۆیدا ناینێرن
بۆ جاری دووەم بڕیارمداو بە رەوام نەبینی من بەرپرسی باڵای وەزارەتێك بم لە بەغداد، مووچە لەکاتی خۆی وەربگرم و ئیمتیازاتی زۆرم ھەبێت، بەڵام ھەمان وەزارەت ھۆکاری ناڕەحەتی میللەتەکەم بێت و ھەر مانگە و بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکات، ویژدانی خۆم بەرامبەر خوای گەورەو میللەتەکەم و حیزبەکەم ئاسوودەکرد.
لە کۆتایی مانگی یەک بەرێزان بەرپرسانی باڵای ھەرێم و حیزبم لەم بابەتانە ئاگادار کردەوە، داوامکرد کە من دەست لە کار بکێشمەوە و چیتر مامەڵەی نادروست مایەی قبوڵکردن نییە، بۆیه دەستم لە پۆستەکەم کێشایەوە.
|