هۆشداری توند و مەترسیدار دەدرێتە پارتی و توركیا
نها نیوز - هەواڵەکان
ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە لە راگەیاندراوێكدا ئاماری هێرش و پەلامارەكانی دەوڵەتی توركیای بڵاوكردەوە و هۆشداری توندیش دەداتە پارتی و ئەنقەرە.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەدەن، کەلە سێ رۆژی رابردوودا لە هەرێمەكانی خواكوڕك و گارە و مەتینا 8 جار بە فڕۆكەی جەنگی بۆردومان كراوە.
ئەوەش هاتووە "لەچەند ناوچەیەكی دەڤەری بادینان، بەگشتی 811 جار بە تۆپ و چەكی قورس تۆپبارانكراوە".
هەپەگە باسلەوە دەکات کە هێزەكانیان ئاگربەستیان راگەیاندووە، بەجۆرێک لە هەرێمی گارە لە قەڵای سەدام و باكرمانەوە كە لەژێر كۆنترۆڵی پەدەكەن، فڕۆكەی سیخووڕی بچوك هەڵدەدرێن و بە شەو و رۆژ سیخوڕی لەسەر گۆڕەپانەكانی گەریلا دەكەن.
هاوکات بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەم كارە بەدەستی دەهێنن، گۆڕەپانەكانی گەریلا بۆردومان دەكەن. دەبێت ئەم كارە بوەستێنرێت كە "سەلامەتی هێزەكانمان دەخاتە مەترسییەوە".
هەروەها هەپەگە هۆشداری دەدات و دەڵێت "ئەگەر نەوەستێنرێت، بۆ سەلامەتی خۆمان، مافی خۆمانە لەو شوێنانە وەڵام بدەینەوە كە فڕۆكەكان لێیەوە رەوانە دەكرێن. ئێمە رایدەگەیەنین، لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانمان، دەبێت كۆتایی بەم كارە بهێنرێت".
|