بڕیار ڕەشید: بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ خزمەتی زیاتری پایتەختی ڕۆشنبیری و هونەر
نها نیوز – هەواڵەکان
بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندووە، لەسەر پێشنیار و داواکاری ئەوان بڕی زیاتر لە یەک ملیار دینار بۆ مۆزەخانەی سلێمانی لە لایەن باڵیۆزخانەی ژاپۆنەوە خەرج دەکرێت.
د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فەیسبووکی خۆی نوسیویەتی: "دوای هەوڵەکانمان لەماوەکانی ڕابردوو بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی و کەموکوڕی بەشێک لەدامەزراوەکانی سلێمانی لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوەندە جیهانیەکان، بەڵێمان لە باڵێۆزی ژاپۆن وەرگرت بۆ ئەنجامدانی پرۆژەیەک بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی مۆزەخانەی سلێمانی بەبڕی زیاتر لە یەک ملیار دینار".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژی سێشەممە، 4ـی 3ـی،2025، بۆ هەمان مەبەست سەردانی باڵیۆزخانەی ژاپۆنمان کرد لە بەغدا و لەگەڵ بەڕێز کێنجی یۆکۆتا کاربەرێکەری باڵیۆزخانەی ژاپۆن و هیدێکی ئۆکادا سکرتێری سیاسی کۆبووینەوە و گفتوگۆی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیەمانکرد، دوای واژۆکردنی لەیەک تێگەشتنێک لە نێوان باڵیۆزخانە و وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بڕیار وایە پڕۆژەکــە لەم مانگەدا بە پاڵپشتی رێکخراوی JICA لە مۆزەخانەی سلێمانی دەستپێدەکات و ڕۆڵی گەورەی دەبێت لە پاراستنی موڵکی کلتووری و دەوڵەمەنکردنی مۆزەخانەی سلێمانی لەکەلوپەلی مێژووی و بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاری لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایدا سوپاسی حکومەتی ژاپۆن و باڵێۆزخانەی عێراق دەکات بۆ ئەم پاڵپشتیە، و دەڵێت، "بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ خزمەتی زیاتری پایتەختی ڕۆشنبیری و هونەر".
|