نها نیوز – هەواڵەکان
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە لە بارەی ڕێگریکردن لە کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسانی هەولێر و دەڵێت، "داوا لەرۆژنامەنووسان دەكەین خۆیان لە بەریەككەوتنی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بە دوور بگرن".
دەقی ڕاگەیاندراوەکە....
سەندیكای رۆژنامەنووسان داوای پاراستنی گیانی رۆژنامەنووسان دەكات.
بەهۆی پێشپێگرتنی ژمارەیەك خۆپیشاندەر لەهاتنیان بۆ ناو شاری هەولێر لەبازگەی دێگەڵە گرژی دروست بوو ، پۆلیسی چاڵاكییە مەدەنییەكان گازی فرمێسك رێژی بۆ بڵاوەپێكردنی ئامادەبووان بەكارهێنا.
دواتر ژمارەیەك لەتیمەكانی میدیا بەهۆی بارودۆخە شڵەژاوەكە رێگریان لێكرا بگەڕێنەوە هەولێر و هەروەها رێكاری تووند لەلایەن دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەكان لەبەرامبەر ژمارەیەك رۆژنامەنووس گیراوەتەبەر.
ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات رێز لەكاری رۆژنامەنووسان بگرن، هاوکات داواش لەرۆژنامەنووسان و تیمەكانی راگەیاندن دەكەین پەیڕەوی رێكارەكانی سەلامەتی پیشەیی بكەن و خۆیان لەمەترسییەكانی ساتی شڵەژان و بەریەككەوتنی نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی چاڵاكییە مەدەنییەكان بە دوور بگرن.
رێگریکردن لە رۆژنامەنووسان بۆ رووماڵکردنی رووداوەکان، دەست بەسەرداگرتنی کەلوپەل و رێگە نەدان بە گەڕانەوەیان بۆ هەولێر، پێشێلکردنی مافی رۆژنامەنووسانەو داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین مامەڵەی دروست لەگەڵ رۆژنامەنووسان بکەن.
داوا لە رۆژنامەنووسان دەکەین لەكاتی پێویست و بۆ بەدەنگەوە هاتن پەیوەندی بە لیژنەی داكۆكی لە ئازادی و مافی رۆژنامەنووسان بكەن.
ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
10ـی شووباتی 2025
هەولێر