کوردستان

تورکیا بەربەستێکی گەورەی نوێ لە بەردەم هەسەدە و حکومەتەکەی شەرعدا دروست دەکات

نها نیوز – هەواڵەکان

گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی تەواو لە نێوان ئیدارەی نوێی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاسان نابێت، بە لەبەرچاوگرتنی پرسە ئاڵۆزەکان و ئەو دۆخە چارەسەرنەکراوەی کە لە ئاسۆی پلانەکانی ڕادەستکردنی چەک و یەکگرتنەوەدایە، لەگەڵ نیگەرانییەکانی تورکیا.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە ڕاپۆرتێکیدا لە زاری فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ڕایگەیاندووە، تورکیا بەردەوامە لە گوشارەکانی بۆ سەر سووریای نوێ بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە گفتوگۆ و ڕێککەوتن بۆ کۆتایی هێنان بە گرژیەکان لەنێوان قامیشلۆ و دیمەشقدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەسەدە لە کۆبونەوەکانی لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە، بۆ ئەوەی ئەو کۆبوونەوە و گفتوگۆیانە بکەنە بنەمایەک بۆ ڕێزگرتن لەیەکتری، لە پێناو هێناندەی ئاشتی و سەقامگیری تەواو لە ناوچەکەدا.

بەوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، زۆر لایەن هەیە نایانەوێت ئەو کۆبونەوە و گفتوگۆیانە هەبن و نەک ئەوەش هەوڵی پلانگێری دەدەن بۆ تێکدانی. دەشڵێت، ئەوان لە قۆناغی باشدان لە گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەت لەحەلەب کە زۆرینەی خەڵکەکەی کوردن.

لە کۆتایدا ڕایگەیاندووە، کاربەدەستانی دیمەشق دڵخۆش بوون بە گفتووگۆ و هەماهەنگی نێوانیان، بەڵام بەداخەوە تورکیا بەردەوامە لە دەستێوەردانەکان و ڕێگری ئاشکرایکردووە بۆ واژۆنەکردنی ڕێککەوتن لە نێوان دیمەشق و قامیشلۆ.

لە دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی کاتی لە دیمەشق، ئیدارەی نوێ لە پایتەختی سووریا ئامانجێکی داناوە کە بە وتەی خۆی وردە وردە کار بۆ بەدیهێنانی دەکات، کە پەیوەندی بە پێکهێنانی سوپایەکی نوێوە هەیە کە پایەی سەرەکی هەموو ئەو هێزە سەربازییانەیە کە لە وڵاتەکەدا جێگیرکراون.

2025-02-08
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.