نها نیوز – هەواڵەکان
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، راگەیەندراوێکیان بڵاویکردەوە و ئاشکرایانکردووە، بڕیاریانداوە، رۆژی یەکشەممە، 9ـی شوباتی 2025، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانەوە بۆ پشتیوانی لە هاوڕێ مانگرتووەکانیان، بەرەو هەولێر (کە چەقی بڕیاردانە) بەڕێبکەون، بۆ ئەوەی دەسەڵات لەنزیکەوە دەنگ و ناڕەزایەتیی مانگرتووەکان و چین و توێژە جیاوازە بەشمەینەتەکان، ببینێت و ببیستێت.
بۆ ئەو مەبەستە، داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکەن بەرامبەر بەم هەموو نادادیی و چەوسانەوە و شکۆشکاندنەی هاوڵاتییان لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە، هاوشانی مامۆستایان بێنەدەنگ، بۆ ئەم مەبەستە چەند داواکارییەکاین لە ماۆستایانی ئاینی هەیە:
1ـ لە وتاری ئەمڕۆ هەینیدا مامۆستایانی ئاینی پشتیوانیی خۆتان بۆ مانگرتووانی خێمەی شکۆ دەرببڕن و لە خەڵک بگەینن، ئەم قوربانیدانە بۆ هەمووانە.
2ـ لە وتارەکاندا پشتیوانیی بۆ خۆپیشاندنی رۆژی هەینی کە کاتژمێر 2 بەڕێوەدەچێت لە "پارکی مەلیک مەحموود"ەوە بەرەو خێمەی مانگرتووان دەڕۆین دەرببڕن.
3- پشتیوانی مامۆستایانی ئاینی بۆ ئەو خۆپیشاندانە دەرببڕن، کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە لەگەڵ مانگرتووان بەرەو هەولێر دەچن، دەشڵێ، "داوا لە خەڵک بکەن لەگەڵمان بەشداربێت"، دەکرێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆتاندا، ئەرک بکێشن و پێشوەخت بانگەوازی خۆپیشاندانەکان بڵاوبکەنەوە، بۆئەوەی خۆتان و زۆرترین کەس لەم جیهادە مەدەنییەدا بەشداربێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "دڵنیاتان دەکەین، ناڕەزاییەکانی ئەمجارەی مامۆستایان رێچکەیەکی گرتووە، کە لەپێناو شکۆ و بژێویی هەموواندا بێت، خوانەخواستە بەبێ دەستکەوت و بەلاوازی کۆتایی پێبێت، هەموومان باجەکەی دەدەین و وەک چەند ساڵی رابردوو شەقام و هەڵوێست دەمرێت و دەسەڵاتیش دەیان هێندەی دیکە، ملهوڕتر دەبێت".