کوردستان

وەزیری دەرەوەی سووریا: کورد جوانی و درەوشاوەیی بۆ فرەچەشنی سووریا زیاد دەکات

نها نیوز – هەواڵەکان

وەزیری دەرەوەی سووریا، ڕایگەیاند، لە سەردەمی حوکمڕانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراوی سووریا، کورد تووشی نادادپەروەری کراون، بەڵێنیدا کاربکەن بۆ "بنیاتنانی وڵاتێک کە هەمووان هەست بە یەکسانی و دادپەروەری بکەن".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22 کانوونی دووەم، 2025، ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە هەژماری خۆیدا لەسەر پلاتفۆرمی "X" نووسیویەتی، "کورد لە سووریا جوانی و درەوشاوەیی بۆ فرەچەشنی گەلی سووریا زیاد دەکات، کۆمەڵگەی کورد لە سووریا تووشی نادادپەروەری بووە لەسەر دەستی ڕژێمی ئەسەد".

ناوبراو نوسیویشیەتی: "پێکەوە کار دەکەین بۆ بنیاتنانی وڵاتێک کە هەمووان هەست بە یەکسانی و دادپەروەری بکەن".

ئەم پۆستەی شەیبانی لە کاتێکدایە کە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئیدارەی نوێی سووریا و کورد لەسەر یەکخستنی ئەو هێزانەی ناسراون بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە سوپای نوێدا بەردەوامە.

مرهف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری نوێی ئیدارەی سووریا، پێشتر ڕایگەیاندبوو، بە دروستی نابێت چەکدارە کوردەکان بلۆکی تایبەت لەناو هێزە چەکدارەکانی سووریادا بپارێزن، هەروەها مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات تۆمەتبارکرد بە دواخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە.

عەبدی ئاماژەی بەوەدا کە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا لە دیمەشق جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی "هەر پرۆژەیەکی دابەشبوون کە هەڕەشە لە یەکڕیزی وڵات بکاتەوە.

عەبدی هێمای بۆ کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی کرد، کە سەرکردایەتی "هەسەدە" و دەسەڵاتی نوێ لە سووریا لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو لە دیمەشق کۆکردەوە و جەختی لەسەر بوونی ڕێککەوتنێک کردەوە لەسەر یەکڕیزی و یەکپارچەیی زەوییەکانی سوریا، و ڕەتکردنەوەی هەر پڕۆژەیەکی دابەشکاری کە مەترسی لەسەر یەکێتی وڵات دروست بکات.

ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەژێر کۆنترۆڵی بەناو "ئیدارەی خۆسەر"دان کە لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەلی کوردەوە لەدوای سەرهەڵدانی شۆڕش لە سوریا لەساڵی 2011 دامەزرا، هەروەها کشانەوەی هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد لەو کاتەدا بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە.

12کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.