نها نیوز – هەواڵەکان
لەدڵەوە سوپاس و پێزانینی بێپایانم ئاڕاستەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکەم بۆ یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستییان سەبارەت بە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی جوتیارانی کورد و تورکمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق.
هەروەها سوپاسی زۆرمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەموو ئەو پەرلەمانتار و كوتلانەش دەكەین كە هاودەنگ و پشتیوانمانبوون لە سەرخستنی هەوڵەكانمان و گەڕانەوەی ماف بۆ هەموو ئەوانەی دەیان ساڵە مافەكانیان زەوتكراوە.
یاسای هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک لە بڕیارەکانی بەعسی رووخاو کە دوای 50 ساڵ لە پرۆسەی تەعریبە، هەزاران دۆنم زەوی دەگەڕێنێتەوە بۆ گەلی کورد و تورکمان لە سنوورەکانی کەرکوک، خوورماتوو، خانەقین، مەندەلی و دەشتی نەینەوا. دەرفەتێكی گرنگیشە بۆ ئێمەی كورد تاوەكو پێكەوە لەداهاتوودا بە یەكگرتووییەوە بەرگری لە مافی كەسوكار و هاونیشتمانیانمان بكەین لەسەرجەم ناوچە جیاوازەكان و پارێزگارییان لێبكەین.
لەم دەرفەتەدا سوپاسی نوێنەرەكانی یەکێتی دەكەم لە بەغدا كە پێكەوە بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و خۆنەویستییەوە توانییان كۆدەنگییەكی نیشتمانی بۆ تێپەڕاندنی ئەم بڕیارە مێژووییە دروستبكەن.
لەكۆتاییدا داواكارم هەموولایەنەكان بە رۆحێكی نیشتمانی و كوردانەوە هاوكاربن بۆ كۆتاییهێنان بەو ستەمانەی رژێمی پێشوو بەسەر گەلەكەمانیدا هێنابوو، پێكەوەییمان هێمای بەهێزیمانە و با پێكەوە هەنگاوی گەورەتر بنێین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان