کوردستان

یەکەم حزب داواکەی شاسوار عەبدولواحیدی رەتکردەوەو بەتوندترین شێوەش وەڵامی دەداتەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

حزبی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانی کرد و بە "دیزاینکراو" ناویبرد و هاوکات بانگەشەکەی سەرۆکی نەوەی نوێشی بە "موزایەدە" دەزانن.

سەرچاوەیەك لە كۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئاشکرای دەکات "ئێمە لەكاتی خۆیدا رامانگەیاندووە بەشداری پەرلەمانی دیزاینكراو ناكەین و بانگەشەكەی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە موزایدە دەزانین".

لای خۆشییەوە محەمەد حەكیم، وتەبێژی کۆمەڵ بۆ شاسوار عەبدولواحید نوسیویەتی "فەرموون خۆتان و یەکێتی و پارتی چۆن حکومەت پێکدەهێنن پیرۆزتان بێت و پێویست ناکات ناوی ئێمە بهێنن".

هاوکات میدیای فەرمی كۆمەڵی دادگەریی ئاماژە بەوەش دەکات "هەڵوێستی فەرمیی كۆمەڵی دادگەریی هەرئەوەیە كەلە 26ی10 ی ساڵی رابردوو سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری رایگەیاندووە؛ ئەوان ناچنە پەرلەمانی دیزاینكراو، چونکە "هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، بۆیە ناچینە ناو هیچ گفتووگۆ و قسە و باسێكی تایبەت بە پەرلەمان و كابینەی نوێی حكومەت".

وەڵامی کۆمەڵی دادگەری لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ شاسوار عەبدول واحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند "نەوەی نوێ و یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ زۆرینەن و دەتوانین سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێرین و سێ حزبەکە بە 15 کورسیەکەی ئێمە دەتوانن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێرن".
 
2025-01-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.