سبەینێ یەکێتیی و پارتی لە هەولێر کۆدەبنەوە
نها نیوز – هەواڵەکان
سبەینێ سێشەممە، کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و هەندێک فایلی دیکە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لە درێژەی ئەو زنجیرە کۆبوونەوانەدا کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر دەستیپێکردووە، سبەینێ سێشەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شاندە تەکنیکییەکانی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن و نووسینی خاڵە ستراتیژییەکانی کارنامەی چوار ساڵی داهاتوو بۆ دەیەمین حکومەتی هەرێمی کوردستان.
پێشبینی دەکرێت هەردوو حزب پلانێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی دەیەمی هەرێمی کوردستان ئامادەبکەن ئەگەر لەسەر هەموو خاڵەکان ڕێکبکەون.
پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی بەدەست هێناوە، لەکاتێکدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، 23 کورسی بەدەستهێنا.
|