مەزڵوم عەبدی: نامانەوێ چاو لەئەزمونی هەرێمی کوردستان بکەینو کۆپی بکەین
نها نیوز – هەواڵەکان
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وێڕای ئەوەی کە بەوزوانە لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆدەبنەوە، راشیدەگەیەنێت کە تورکیا دەیەوێت کۆبانێ داگیر بکات، هەروەها دەشڵێت "نامانەوێ چاو لەئەزمونی هەرێمی کوردستان بکەینو کۆپی بکەین".
مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (ئەلعەرەبییە) رایگەیاند "تورکیا دەیەوێ کۆبانی داگیر بکات بەمەبەستی بەیەک گەیاندنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لەباکوری سوریا".
عەبدی وتیشی "بۆ رێزگرتن لە بارزانی بەجلوبەرگی فەرمی و چاکەت و پانتۆڵەوە سەردانم کرد. هەروەها بەمزووانە لەگەڵ ئەحمەد شەرعیش کۆدەبمەوە".
راشیگەیاند "نامانەوێ چاو لەئەزمونی هەرێمی کوردستان بکەینو کۆپی بکەین".
بەوتەی فەرماندەی هەسەدە "وەك دەزانن مەسعود بارزانی پەیوەندیی باشی لەگەڵ توركیا هەیە، بۆیە داواملێكرد پەیوەندییەكانی بەكاربهێنێت و نێودەندگیریی بكات لەپێناو راگرتنی هێرشەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكانمان".
ئاماژەی بەوەشدا، مەسعود بارزانی بەڵێنی دا كە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی خۆی لەوبارەیەوە "من متمانەم بەوە هەیە كە هەوڵی خۆی دەدات، بەڵام ئێمە ئەوەش دەزانین كە ئەردۆغان و حكومەتی توركیا، پلانی تایبەتی خۆیان هەیە و دەیانەوێت جێبەجێی بكەن".
مەزڵوم عەبدی رونیشیکردەوە "تەنانەت نێوەندگیریی ئەمریكاش لەماوەكانی ئەم دواییەدا، ئەو ئەنجامەی نەبوو كە ئێمە دەمانویست. ئەمە بابەتێكی زۆر قورسە، بەڵام هەوڵەكان بەردەوام دەبن لەگەڵ توركیا".
هەروەک فەرماندەی گشتی هەسەدە دەڵێت "ئەمریكییەكان دەتوانن كۆتایی بە هێرشەكانی توركیا بهێنن ئەگەر بیانەوێت. دەشڵێت "لە ئێستادا ئەمریكییەكان نێوەندگیری دەكەن بۆ جێبەجێكردنی ئاگربەستێكی هەمیشەیی لەگەڵ توركیا لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا".
عەبدی جەختیشیكردەوە، توركیا پلانێكی روونی هەیە و دەیەوێت هەژمون و كۆنترۆڵی سوریا بكات. بەڵام ئێمە دەمانەوێت كێشەكانمان لەگەڵ توركیا لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكەین".
ئەوەشی خستە روو "پێدەچێت توركیا بیەوێت كۆبانێ داگیربكات بۆ یەكخستنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی".
لەبارەی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریا، مەزڵوم عەبدی وتی "پێشتریش ئەوەمان وتوە كە لێدوانەكانی ئەحمەد شەرع بەگشتی ئەرێنین، بەڵام ئێمە لە ئێستادا چاودێری ئەوە دەكەین كە قسەكانی بكاتە كردار، ئەوەش هەڵوێستی ئێمە لەبارەی ئەحمەد شەرع دیاری دەكات".
|