نها نیوز - هەواڵەکان
وەزیری بەرگری سوریا رایگەیاند، بوونی هێزێكی كوردی لەناو وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی رەتدەكەنەوە و "بەگوێرەی رێوشوێنی سەربازی هێزەكان دابەشدەكرێن"، دەشڵێت "هەسەدە لە پرسی تێكەڵكردنی هێزەكانیدا دەستی دەستی دەكات".
مرهف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری ئیدارەی نوێی سوریا لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز دەڵێت "كارێكی دروست نییە چەكدارە كوردەكان كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی پشتیوانی دەكرێن و لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریان، خاوەن گروپێكی تایبەت بەخۆیان بن لەناو هێزە چەكدارەكانی سوریا".
ئەبو قەسرە، وتیشی "فەرماندەی ئەو گروپە كوردییە چەكدارەی ناسراوە بە هێزەكانی سوریای دیموكرات، دەستی دەستی دەكات لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پرسە".
ناوبراو ئەو پێشنیازەی رەتكردەوە و وتی "ئەوان دەچنە ناو وەزارەتی بەرگری بەپێی ریزبەندی لەسەرەوە بۆ خوارەوەی وەزارەتی بەرگری و، بەگوێرەی رێوشوێنی سەربازی دابەشدەكرێن، كێشەمان نییە لەوەدا، بەڵام وەك یەكە و گروپێكی سەربازی بن لەناو وەزارەتی بەرگری، ئەوە دروست نییە".
وەزیری بەگری سوریا ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو چاوی بە سەركردەكانی سوریای دیموكرات كەوتووە، تۆمەتباریشیكردوون بەوەی دەستی دەستی دەكەن لە پرسی تێكەڵكردنیان، ئەو پرسەشی وەك هەر گروپێكی چەكداری تر بە مافی دەوڵەتی سوریا ناوبردووە".
قسەكانی وەزیری بەرگری سوریا لەكاتێكدایە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی عەرەبیە، جەختیكرد لەوەی، چەك دانانێن و هێزەكانیشیان هەڵناوەشێننەوە، جگە لە دانوستانیش هەر رێگایەك لە پرسی تێكەڵكردنی هێزەكان بگیرێتەبەر كێشەی گەورە لە سوریا دەخولقێنێت.