کوردستان

پەرلەمانتارانی شیعە گرفت بۆ هەمواری یاسای بودجە دروست دەکەن

نها نیوز - هەواڵەکان

بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەکان، پەرلەمانتارانی شیعە نایانەوێت دەنگ لەسەر هەمواری یاسای بودجە بدرێت، ئەمڕۆش لە پەرلەمانی ناوەند لە بڕگەی دووەمی هەموارەکە زۆرینەی پەرلەمانتارە شیعەییەکان ناڕەزاییەتییان دەربڕی و کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوە و دەنگدان لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک کۆبووەوە، کارنامەی کۆبوونەوەکە لە هەشت بڕگە پێکهاتبوو، بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە میدیای پارتی وتووە "بڕگەی یەکەم دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق درا، بەڵام لە بڕگەی دووەم کە تایبەت بوو بەهەمواری یاسای بودجە، زۆرینەی پەرلەمانتارە شیعەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی و کۆبوونەوەیان جێهێشت و ڕێژەی یاسایی ئامادەبوونیان شکاند".

راشیگەیاندووە "سەرۆکی پەرلەمان لە یەکەم کاردانەوەی دژی ئەو ژمارە پەرلەمانتارە بڕیاری دا، هەر کەسێک هۆڵی کۆبوونەوە جێبهێڵێت بە نەهاتوو هەژمار بکرێت و سزا بدرێت.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکە "سەرەتا 167 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، بەڵام دواتر رێژەکە بووە نزیکەی 155، هەروەها لە کافتریای پەرلەمانیش گرژییەکی زۆر هەیە و کوردەکان داوا لە شیعەکان دەکەن بگەڕێنەوە نێو هۆڵ، چونکە هەمواری یاسای بودجە کە خاڵێکی تایبەتە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقە".

ئاماژەی بەوەشکرد، فراکسیۆنە کوردستانییەکان، سونییەکان و حکومەتی عێراقیش، هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچینوە کە کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە هەناردەکردنەوەی نەوت چارە دەکرێت، بەڵام "شیعەکان بەهۆی کۆمەڵێک بیناووەوە تائێستا رێژەی یاسایی کۆبوونەوەکەیان شکاندووە".
 
2025-01-19
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.