نها نیوز - هەواڵەکان
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە پێی وایە لە دوای کۆبونەوەی شاندی دەم پارت لە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، لێدوانەکانی ئەردۆغان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نیە، بەڵکو دەیەوێت کێشەکان زیاتر قوڵبکاتەوە.
لە دوای سەردانیکردنی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی و کۆبونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ستێرکدا وتی: "هەرچەندە شاندەکە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا کۆبوونەوەتەوە، بەڵام گۆشەگیری ڕێبەر ئاپۆ، بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە، بۆیە لەم بارودۆخەدا ڕێبەر ناتوانێت ڕۆڵی خۆی بەتەواوی بگێڕێت".
بایک، پێی وایە، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە جددی کێشەکان چارەسەر بکات، ئەوا پرسی میللەتی کورد لە پێشینەی پرسە بنەڕەتییەکانە بۆ تورکیا.
ناوبراو دەڵێت، ئەگەر تورکیا دەیەوێت کێشەکان چارەسەر ببێت، دەبێت بەزوترین کات کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت، چونکە ناتوانرێت لە هەلومەرجی گۆشەگیریی ئێستادا داوای چارەسەر لە ڕێبەر ئاپۆ بکرێت، بەبروای بایک، ئەوە کارێکی نا مرۆڤانە و نا ئەخلاقی و نا یاساییە.
جەمیل بایک دەشڵێت، ئاپۆ لەژێر گۆشەگیرییەکی "ڕەهادایە"، و بۆیە لەژێر گۆشەگیرییەکی لەم شێوەیەدا نا توانێت ڕۆڵی خۆی بەتەواوی جێبەجێ بکات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ئاپۆ ئاگادارە و دەبینێت تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بارودۆخێکی سیاسی هەستیاردا تێدەپەڕن، لەبەر ئەوەیە ئاپۆ دەیەوێت ڕۆڵێکی مێژووی بگێڕێت و خواستێتی خزمەتی گەورە بە کورد، تورک و گەلانی ناوچەکە بکات وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی.
هاوسەرۆکی کەجەکە، سەبارەت بە پەیامە حەوت خاڵیەکەى ئۆجەلان، ئاشکرایکرد، ئەو پەیامە حەوت خاڵیە ئاسوودەی لە نێو کۆمەڵگەی تورکیا هێنایە ئاراوە، لەسەر بنەمای ئەو قسانە دەبێت تورکیاش بە ڕوونی ڕۆڵی خۆی بگێرێت و بە ئاشکرا بیرکردنەوە و ڕوانگەی خۆی دیاریبکات.
جەمیل بایک، نەیشاردەوە کە لەدوای ئەوەی شاندەکە لەگەڵ ئۆجەلان کۆبونەتەوە هەڵوێستی تورکیا زۆر ڕوون نییە، بە پێچەوانەوە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی بە چارەسەرییەکانداوە.
نابراو لە گفتوگۆکەد گومان دەخاتە سەر هەڵوێستی تورکیا و دەڵێت، "دەوڵەتی تورکیا لەم بابەتەدا هەنگاوی نەناوە، و دەبێت ئەم گومانانە بڕەوێنێتەوە، دەشڵێت، شەڕێک لە ئارادایە گەیشتووە بە کوردستان، بۆیە لە ئێستادا کوردستان چارەنووسی هەموو کەس و لایەنێک دیاری دەکات. بۆیە هەندێک ناوەند و لایەن هەیە لەسەر کوردستان شەڕ دەکەن.