کوردستان

رەوتی هەڵوێست تەمەنی بەهارێکە و باڵێکی لە جیابونەوەدایە

نها نیوز – هەواڵەکان

هەرچەندە رەوتی هەڵوێست 56 هەزار دەنگی خەڵکی کوردستانی بەدەستهێناوە کە دەکاتە چوار کورسی پەرلەمانی و هێشتا لە بەهاری تەمەنیەتی، باڵی ناڕازی رەوتەکە عەلی حەمەساڵح سەرۆکی رەوتەکە بە چەند مەرجێک دەبەستنەوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە باڵی ناڕازی رەوتەکە زانیاری نەبیستراو بۆ نها نیوز دەخاتە روو.

سەرچاوەیەک لە باڵی ناڕازی رەوتی هەڵوێست لە لێدوانێکی تایبەتدا لەبارەی کێشەکانی ناو رەوتەکەوە بە نها نیوز دەڵێت "تائیستا هیچمان نەوتووە، ئەوەی لە میدیاکان دەوترێت زیاتر قسەیە، بەڵێ ئێمە مەرجمان هەیە، ئەگەر جێبەجێی نەکات هەموو ئەگەرێک کراوەیە بۆمان".

سەرچاوەکەی نێو باڵە ناڕازیەکەی رەوتی هەڵوێست بەم جۆرەیە ئاماژە بە مەرجەکان دەدات:

یەکەم: ئیمانمان بەو دەستە نییە و فڕیان بە سیاسەتەوە نییە و خۆشیان نازانن چی دەکەن.

دووەم: عەلی حەمەساڵح یان کاری پەرلەمانی دەکات یان سەرۆکی رەوت بێت، چونکە ناتوانیت هەردووکی بێت.

سێیەم: دەستەکە زیادبکریت بۆ 10 کەس.

چوارەم: بەستنی کۆنگرە لەماوەی کەمتر لە یەک مانگدا.

پێنجەم: ئاشکراکردنی دارایی رەوتەکە لە دروستبوونیەوە تائێستا و سەلماندنی شەفافیەت.

بەوتەی سەرچاوەکە بێت، ئەوان زۆربەی رەوتەکەیان لەگەڵە و هەروەها بە هەزاران دەنگدەرە لایەنگریش.

وتیشی "لە چەندین لاوە داوای دانیشتنیان کردووە و ئامادە نەبووین، ئێمە زۆرینەین لەوە دڵنیابە، پێش هەڵبژاردنیش هەمان رەئیمان هەبووە، بەڵام دوامان خست، لەسەر بەڵێنی برادەران".

لەبارەی هۆکاری دروستبوونی ئەم ناڕەزایەتییە، وەک سەرچاوەی باڵە ناڕازییەکەی رەوت دەڵێت "ئێمە هاتین نمونەیەکی جیاوازی هاوپەیمانی و گۆڕان و هێزەکانی تر بین، گەرجی خراپتر بووین".

سەرچاوەکەی نها دوایین هەنگاوی رەوتی هەڵوێست ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت "رەوتی هەڵوێست دەچێتە پەرلەمان، لەکاتێکدا بڕیار بوو نەچین، بەڵام هێشتا رانەگەیەندراوە تاوەکو داواکاریەکان جێبەجێ دەبێت، ئەوکاتەش قسەی جدیمان دەبێت، وە ئێستا دوو پەرلەمانتاریان لەگەڵە، دووەکەی دیکە هی باڵەکەی ئێمەیە واتە دوو بە دووین".

 
10کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.