نها نیوز - هەواڵەکان
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لەبارەی دابەشکردنی پلە و پۆستەوە نەبووە، بەڵکو لەبارەی دۆخی هەرێم و ناوچەکەوە بووە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند "کۆبوونەوەکە سەبارەت بە دۆخی هەرێم و ناوچەکە بووە، کە دۆخێکی هەستیارە و دەبێت لایەنەکان ئاست و سەقفی داواکاریەکان بگونجێنن لەگەڵ ئەم دۆخەدا و دەستیان سووک بکەن لە رێککەوتن، بۆیە کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە".
ئاشکراشیکرد "بە دڵنیاییەوە لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی یەکێک لە بابەتەکان ئەوەبوو هەوڵ بدرێت ژمارەی فەرمانبەران واقعی بێت و بگونجێت لەگەڵ ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ بەغدا هەیە، وە بیانوو نەدرێت بە نەیارەکانمان، واتە پرسی مووچە ئەوەندە نەبێتە پرسی میدیا و شەڕی راگەیاندن، باشترە کارەکان ئاسان بکەین لەگەڵ یەکتردا".
پیرە لەبارەی ئەوەی ئایا کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە دابەشکردنی پلە و پۆست، ئەو وتی "ئەوە کاری تیمی دانوستانکاری هەردوولایە و ئەوان گفتوگۆی لەسەر دەکەن".
"دیار نییە کۆبوونەوەی داهاتوو لەنێوان هەردوولا کەی دەبێت، بەڵام کۆبوونەوە لەم نزیکانە دەبێت، چاوەڕێین لیژنە فەنیەکە کارەکانی خۆیان تەواو بکەن و بیبەن بۆ کۆبوونەوەی هاوبەش هیوادارین ئەنجامی باشی هەبێت". وتەبێژی یەکێتی وای وت
لێدوانەکەی سەعدی پیرە لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە 16ی کانونی دووەمی 2025، دوور لەچاوی میدیاکان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە.
هاوکات ئەمڕۆ هەینی ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم" بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ئەو حزبە کۆبونەتەوە و رێکەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی دەیەم کە چوار پۆستە، بەجۆرێک دوو پۆستیان بۆ یەکێتییە و دووەکەی دیکەیان بۆ حزبی پارتییە.