کوردستان

سەردانی ئۆجەلان دووبارە دێتە کایەوە و تورکیا گڵۆپی سەوز هەڵدەکاتەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

شاندی ئیمرالیی دەم پارتی سەبارەت بە دیدارەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسیی و پارتەکانی تورکیا لە راگەیەندراوێكدا دەڵێن "دیدار و چاوپێكەوتنەكانیان لەگةڵ لایەن و پارتە سیاسیەكانی توركیا ئەرێنی بووە، لە زووترین كاتدا سەردانی ئۆجەلان دەكەینەوە".

راگەیاندراوەکەی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بەمشێوەیەیە:

“لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا، سەردانی بەڕێز ئۆجەلانمان لە ئیمرالی کرد و چاوپێکەوتنێکمان ئەنجامدا، دوای ئەم چاوپێکەوتنە و لەسەر داواکاری ئەو، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ پەرلەمانی تورکیا، پارتە سیاسییەکان و هەڤاڵە زیندانییکراوە سیاسییەکانمان ئەنجامدا.
لە ٣ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ـدا، سەردانی بەڕێز نومان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیامان کرد و چاوپێکەوتنەکانمان دەستیان پێکرد، چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، پارتی داهاتوو، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، پارتی سەعادەت، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتی دەوا و پارتی ڕەفەح بەردەوام بوو، لە نێوان ١١-١٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ـدا، سەردانی هاوسەرۆکانی پێشووەمان و هەڤاڵە سیاسییە زیندانیکراوەکانمان کرد و لەگەڵ بەڕێزان فیگەن یوکسەکداغ، سەلاحەدین دەمیرتاش، لەیلا گوڤەن و سەلچوک میزراکلی چاوپێکەوتنمان ئەنجام دا.
ئەم چاوپێکەوتنانەمان لەسەر بنەمای دیالۆگ و ئاشتیی و لەسەر پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ هاوسەرۆک و دەستەکانی پارتەکەمان، لەگەڵ پێکهاتەکانی پارتەکەمان، لەگەڵ ئەو پارتە سیاسییانەی کە هاوپەیمانمانن و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە لەگەڵیاندا کار دەکەین، دەستی پێکردووە و بەردەوامە.
سەرەتا، ڕێز و سووپاسی خۆمان پێشکەش بە هەموو پارتە سیاسییەکان و بەرپرسە بەڕێزەکانیان دەکەین کە بە گەرمی و دڵفراوانییەوە پێشوازییان لێکردین، بیروبۆچوون و پێشنیارە بەنرخەکانیان بە ئێمە گەیاند و بە زمانێکی زۆر بنیاتنەر خەم و ڕەخنەکانیان دەربڕی.
خاڵی سەرەکی ڕۆژەڤی سەردانەکەمان ئەوە بوو کە ئەنجامەکانی چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان بە ئەوان ڕابگەیەنین و ئەو بارودۆخە نوێیەی هاتووەتە ئاراوە پێکەوە هەڵبسەنگێنین، بە کورتی، ئەم داواکاری و ئیرادەیە، بۆ چارەسەری هەمیشەیی پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە پرۆسەی پێکدادان، بەرپرسیارێتی مێژوویی بەهێزکردنی یەکێتی تورک و کورد، بەرپرسیارێتی پێشهاتە ڕادیکاڵ و گەڕانەوە نەکراوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەوەستێت و دیاری دەکات کە پەرلەمانی تورکیا و سیاسەتی دیموکراتی گرنگترین زەمینەی چارەسەرییە.
هەموو چاوپێکەوتنەکانمان بە دڵسۆزی و بە هیوایەکی ئەرێنی تێپەڕین، سەرۆکە پایەبەرزەکان و شاندەکانیان پشتگیری خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی دەربڕی، لەگەڵ ئەمەشدا نیگەرانی و پێشنیارەکانیان لە بابەتە جۆراوجۆرەکاندا هەبوو، ئەم نیگەرانی و پێشنیارانە لە بنەڕەتدا لەسەر شەفافیەتی پرۆسەکە و جێبەجێکردنی لە ناو پەرلەمانی تورکیادا ڕادەوەستن.
شاندەکەمان لە چاوپێکەوتنەکاندا بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانی و پرسیارەکان ڕوونکردنەوە دا، ئەو تێڕوانینەی کە لە چاوپێکەوتنەکان بەدەستمان هێنا ئەوەیە کە داواکاریی و ئیرادەیەکی هاوبەش لە هەموو لایەنە سیاسییەکاندا هەیە و هەموو لایەنەکان دەیانەوێت پرۆسەی ناکۆکی و ئاڵۆزیی کە بەهۆی پرسی کوردەوە دروست بووە لە دوای خۆیان بەجێ بهێڵن، تێپەڕاندنی ئەم کێشەیە و پێشخستنی یەکێتیی و برایەتی هەموو پێکهاتە ئەتنیکی، ئاینی و مەزهەبییەکان لە وڵاتەکەمان، بۆ بەرژەوەندیی و چاکەی هەمووانە، ئەمە هەڵوێستی هاوبەشی هەموو لایەنەکانە، بابەتێکی تری پەیوەندیدار بەمەوە ئەوەیە کە پرۆسەی ئاشتی ببێتە هۆی دیموکراتیزەکردنی گشتیی و فراوانکردنی گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتی.
چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ سەرۆک و هەڤاڵە زیندانیکراوەکانمان زۆر ئەرێنی تێپەڕین، هەڤاڵانمان بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا پشتگیری خۆیان بۆ ئەو ڕۆڵە دەربڕی کە بەڕێز ئۆجەلان و دەم پارتی دەیگێڕن، ڕایانگەیاند کە لەم پرۆسەیەدا بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ بەهێزکردنی زەمینەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی ئەرێنی جێبەجێ دەکەن.
لەم سەردەمەدا کە ئێمە لەسەر ئاشتی، دیموکراسی و یەکێتی تورکیا و ناوچەکە ڕادەوەستین، ئەو شێوازە جیاوازیخوازانە و پێشداوەرییانەی کە جار بە جار لە میدیای نووسراو و بینراودا ڕووبەڕوویان دەبینەوە و ئەو بوارە گومانلێکراوەی کە دروست دەکرێت، کارەکەمان قورس دەکات، دەزانین کە هەموو کەس و بەشە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بەم پرۆسەیە خاوەن هیوا و داواکارین، لە هەمان کاتدا نیگەرانی، هەستیاریی و پرسیاری هەموو کەسێک هەیە، ئێمە لەم تێگەیشتنەداین، لە پرۆسەیەکی هەستیاری وەهادا، بڵاوکردنەوەی قسەی دروستکراو و هەوڵدان بۆ دروستکردنی ڕۆژەڤی وا کە هەندێک جار سنوورە ئەخلاقییەکانیش تێدەپەڕێنێت، گەرمکردن و هاندانی شەڕە و هیچی تر نییە.
لەگەڵ هەموو تێڕوانین و هەڵسەنگاندنە باشەکانمان، لە ماوەیەکی کورتدا سەردانی بەڕێز ئۆجەلان دەکەین و بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ڕێگای پتەو و بەهێز بگاتە ئاشتیی و چارەسەرییەک بنیات بنرێت، هەوڵێکی گەورە دەدەین.
لە بنیاتنانی ئاشتیی و چارەسەرییدا، پشتگیری گەل بۆ ئەم چاوپێکەوتنانەمان دەبێتە گرنگترین فاکتەر.”

16کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.