کوردستان

نیازە شاراوەکەی بارزانی لەدیداری لەگەڵ مەزڵوم عەبدی ئاشکرادەکرێت

نها نیوز - هەواڵەکان

بەپێی سەرچاوەیەکی نێو هەسەدە کە قسەیکردووە بۆ كەناڵی (ئەلعەرەبیە)، بەهاندانی ئەمریكییەكان، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دەیەوێت رۆڵی نێوەندگیری لەنێوان هەسەدە و توركیادا بگێڕێت. هاوکات لە ئەگەری سەركەوتنی رۆڵی نێوەندگیرییەكە "سێ دەروازەی سنوری لەنێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و توركیادا بكرێنەوە".

ئەمڕۆ هەینی کەناڵی (ئەلعەرەبیە) لەزاری سەرچاوەیەكی باڵا نێو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرای دەکات "مەزڵوم عەبدی بە یاوەری بەرپرسانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە سوریا و عێراقی دراوسێ سەردانی هەولێری کردووە".

بەوتەی سەرچاوەکە بێت، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی هەوڵی ئەوە دەدات كە رۆڵی نێوەندگیریی لەنێوان توركیا و هەسەدەدا ببینێت، ئەوەش بە هاندانی ئەمریكییەكانە، چونكە "پارتی پەیوەندییەكی سیاسی و ئابووریی بەهێزی لەگەڵ توركیا هەیە و لە كۆبونەوەكەی نێوان بارزانی و عەبدیدا ئەو بابەتە گفتوگۆی لەبارەوە كراوە".

سەرچاوە باڵاكەی هەسەدە وتوشیەتی "مەزڵوم عەبدی و بارزانی گفتوگۆیان لەبارەی یەكڕیزی لایەنە كوردییەكان لە سوریا كردووە و لەوبارەیەوە رێككەوتوون لەسەر یەكهەڵوێستی تەواوی لایەنە كوردییەكان لە سوریا بەر لە نوسینەوەی دەستوری نوێ بۆ سوریا و ئەنجامدانی یەكەم هەڵبژاردن لەو وڵاتە لەدوای كەوتنی رژێمەكەی ئەسەد".

ئەوەش خراوەتە روو، بارزانی جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە كوردانی سوریا تەواوی مافەكانیان لەچوارچێوەی یەكپارچەیی خاكی سوریادا بەدەستبهێنن بەمەرجی ئەوەی كە "هێزە سەربازییەكەیان بمێنێتەوە".

كەناڵەكە هێمای بۆ ئەوەش كردووە، بەپێی ئەوەی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریا راگەیاندووە كە نوسینەوەی دەستوری نوێ و هەڵبژاردن چەند ساڵێكی پێویستە، بۆیە بارزانی و عەبدی لە ئێستادا زیاتر بایەخیان بە پرسی دانوستانی نێوان توركیا و هەسەدە داوە لەبری یەكخستنی هێزە كوردییەكان بەشێوەیەكی بەپەلە.

هەروەک سەرچاوەكە دەڵێت "لە ئەگەری سەركەوتنی بارزانی لە رۆڵی نێوەندگیرییەكەیدا لەنێوان توركیا و هەسەدە، پێدەچێت سێ دەروازەی سنوری لەنێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و توركیادا بكرێنەوە بەمەبەستی دەستپێكردنی هاریكاریی ئابووریی لەنێوان هەردوولادا".

هەر بەگوێرەی میدیای کەناڵی (ئەلعەرەبیە)، كۆبونەوەكەی بارزانی و عەبدی نزیكەی دوو کاتژمێری خایاندووە و تیایدا باس لەوەشكراوە، شەڕڤانانی پەكەكە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە سوریا بكشێنەوە كە بەپێی قسەی سەرچاوەكە ئەو كارە مەرجدار كراوە بەوەی توركیا هێرشەكانی بۆسەر رۆژئاوارابگرێت.

Open photo


18کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.