کوردستان

بافڵ تاڵەبانی: پابەندین بە پاراستن و بەرگریكردن لە ماف و بژێویی ژیانی خەڵكەكەمان

نها نیوز – هەواڵەکان

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ڤيكتۆريا تايلۆر، جێگرى ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا بۆ کاروباری رۆژهه‌ڵاتی نزیک و وەفدێکی ياوه‌رى كرد.

لە دیدارەكەدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان ئامادەبوو، دۆخی هەرێمی كوردستان و عیراق و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە جەختیلێكرایەوە.

لەدرێژەی دیدارەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سیاسەتی یەكێتی و هەوڵەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان روونكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، پابەندین بە پاراستن و بەرگریكردن لە ماف و بژێویی ژیانی خەڵكەكەمان، لەو چوارچێوەیەشدا لە هەوڵەكانمان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و دادپەروەر بەردەوامین و دەمانەوێت یەكسانی و هاوبەشیی راستەقینە بنەماكەی بێت. دەمانەوێت هەموومان بەرپرسیارانە و دوور لە هەموو ناكۆكییەك خزمەتی خەڵكەكەمان بكەین و هەرێمەكەمان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیریی زیاتر ئاڕاستە بكەین.

لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسی مووچە و ناردنی شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستان سەرۆك بافڵ رایگەیاند، داوای پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەكەین و دەمانەوێت ئەم كێشەیە چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە، ناكرێت بەردەوامیی بەم دۆخە بدرێت و ژیانی خەڵك تێكەڵی ململانێكان بكرێت، ئەم پەیامەشمان بەهەموولایەك گەیاندووە.

دۆخی سووریا و رۆژئاوای كوردستان تەوەرێكیتری دیدارەكە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆك بافڵ رایگەیاند، هەوڵی ئێمە بۆ پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی سووریا بووە و جەختمان لە لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ كردووەتەوە بەتایبەت لەگەڵ كورد كە قوربانییەكی زۆریان بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری داوە.

سەرۆك بافڵ وتیشی، یەكگرتوویی و یەكگوتاریی كورد لە سووریا بەشێكی گرنگی هەوڵەكانمان بووە و هەوڵمانداوە هەمووان بە ستراتیژێكی هاوبەشەوە هەنگاوبنێن، بەخۆشحاڵییەوە سەركەوتووبووین و لەداهاتوودا ئەنجامەكەی رووندەبێتەوە.

لە بەشێكیتری دیدارەكەدا پرسی وزە گفتوگۆی وردی لەبارەوەكرا و لەو رووەشەوە سەرۆك بافڵ هەڵوێستی یەكێتی روونكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، ئەو سیاسەتەی لە رابردوودا سەبارەت بەم پرسە پەیڕەوكراوە سەركەوتوو نەبووە، بۆیە دەمانەوێت لەداهاتوودا بە ستراتیژێكی نوێوە ئەم كەرتە بەڕێوەببەین و ببێتە مایەی پێشكەوتن و ئاوەدانیی وڵاتەكەمان، لەو چوارچێوەیەشدا هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە رێككەوتنێكی هاوبەش و هەمووان پێكەوە خزمەتی خەڵكەكەمان بكەین.

2025-01-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.